مەسرور بارزانی: ئەوەی پێمان بكرێت بۆ بەرەوپێشبردنی كەرتی پەروەردە دەیكەین
  2020-09-27       321       
مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان ده‌ڵێت، ئەوەی پێیان بكرێت بۆ بەرەوپێشبردنی كەرتی پەروەردە دەیكەن. ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات، "بەرنامەی زۆرمان ھەیە بۆ پێشخستنی پەروەردەو خوێندن‌و كەرتەكانی دیكە".

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ یەكشەممە، مەسرور بارزانی لەقوتابخانەیەکی شارۆچکەی بەحرکەی نزیک هەولێر، زەنگی دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندنی لێدا.

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لەوتارێكدا ئاماژەی بەوەدا كە ئەمڕۆ زەنگی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن لێدەدەین، بۆ ئەوەی پرۆسەی خوێندنی پۆلی 12ی ئامادەیی دواتریش خوێندنی پۆلی یەك‌و دوی بنەڕەتی دەستپێبكات.

وتیشی‌، "دڵنیابن ئێمە وەك حكومەت ئەوەی پێمان بكرێت دەیكەین بۆ بەرەوپێشەوەچونی كەرتی پەروەردە، بەرنامەی زۆرمان ھەیە بۆ پێشخستنی پەروەردەو خوێندن‌و كەرتەكانی دیكە، بەڵام قەیرانی دارایی لەجیھان كاریگەری لەسەر ھەرێمی كوردستانیش ھەبووە، بەڵام ئەوە نامانوەستێنێ‌و بەردەوام دەبین لەجێبەجێكردنی پڕۆژەو ئەو بەڵێنانەی بەخەڵكمان داوە، کە یەكێك لەبەڵێنەكانیش پەرەدانە بەكەرتی پەروەردەو خوێندنە."

سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان وتی، راستە خوێندن پرۆسەیەكە بۆ فێربون، بەڵام لەھەمانكاتدا قۆناغێكە بۆ ھەستكردن بەبەرپرسیاریەتی، قوتابی بۆ ئەوە دەخوێنن، تا ببن بەئەندامێكی كاریگەری كۆمەڵگەو فێری زانست بن، بۆ ئەوەی وڵات بەرەوپێش بەرن."

ئه‌وه‌شی‌ وت، "دڵنیام زۆر لەئێوەی قوتابیان ژیانی بندەستیتان نەبینیوە، بەڵام ئەوەی ئێستا لەم ھەرێمە ھەیە، بەرھەمی خوێنی شەھیدان‌و قوربانیدانێكی زۆرە، زۆر لەكەسوكاری ئێوە بۆ ڕزگاری نیشتمان‌و گەیشتنی ئەم ھەرێمە بەم قۆناغە، خەباتیان كردووەو تێكۆشاون، بۆیە پێویستە قەدری ئەوە بزانین، پێویستە بزانین ئەوە بەرھەمی خەبات‌و قوربانیدانی خەڵكی پێش ئێمەیەو دەبێ ئەم بەرھەمە بپارێزین، داواتان لێدەكەم ھیچ كەس‌و شتێك وڵاتەكەتان‌و مێژووە پڕ سەرەوەرییەكەتان لەبەرچاو ناشیرین نەكات، ئەركی ئیوەیە پارێزەری ئەو دەستكەوتانە بن، دەبێ ئێوە خۆتان ئامادە بكەن بۆ قۆناغێكی دیكەی ئاوەدانی."
زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×