دو پەرلەمانتاری كورد بۆ پەرلەمانتارانی پارتی: پەرلەمانی عێراق دیوەخان نییە ئێوە کۆنترۆڵی بکەن
  2020-09-27       971       

دو پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق دەڵێن: لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا باسیان لە پرسی موچەی موچەخۆرانی هەرێم و تۆپبارانی سوپای توركیاو دەستگیركراوانی بادینان كردوە، بەڵام ژمارەیەک پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی بەشێوەیەکی نابەرپرسانەو بەدەر لە ئەتەکێتی کاری پەرلەمانتاری وەڵامیان داونەتەوە.

ئاوێنە: هەردو پەرلەمانتار غالب محەمەد و سەركەوت شەمسەدین، لە راگەیەندراوێكدا لەسەر ئەو رەفتارانەی بەشێك لە ئەندامانی فراكسیۆنی پارتی بەرامبەریان وتویانە"پەرلەمانی عێراق دیوەخان نییە ئێوە کۆنترۆڵی بکەن."

ئەوان وتویانە"ئەمڕۆ وەک ئەرکی سەرشانمان لە پەرلەمانی عێراق بەشداری دانیشتنەکەمان کردو تێیدا پرسی موچە، تۆپبارانی سوپای تورکیا، دەستگیکراوانی بادینان و پێشێلکاری مافی مرۆڤ، بۆچونی خۆمان خستەڕو و داوامان کرد پەرلەمانی عێراق بێدەنگ نەبێت لە ئاست ماف و سەلامەتی هاوڵاتانی هەرێم کە بەپێی دەستوری عێراق مافییان پارێزراوە."

ئەوەشیان خستۆتەڕو"تەواوی بەشدارییەکەمان بەپێی دەستور و پەیرەوی ناوخۆ و گەیاندنی دەنگی هاوڵاتیانی خۆمان بو."

ئەو دو پەرلەمانتارە ئاماژەیان بەوەداوە كە "ژمارەیەک پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بەشێوەیەکی نابەرپرسانەو بەدەر لە ئەتەکێتی کاری پەرلەمانتاری وەڵامی ئێمەیان دایەوە و بە چەندین زاراوەی نەشیاو کەوتنە تۆمەتارکردنی ئێمە و وەسفکرنی هەرێمی کوردستان بە باشترین ئەزمونی حوکمڕانی."

جەختیشیان كردۆتەوە"ئێمە نوێنەرایەتی خەڵکی دەنگ کپکراو و مافخواراوی کوردستان دەکەین لە بەغداو بۆ وەرگرتنەوەی مافەکانی ئەوانیش لێرەین. بۆیە هەوڵەکانتان نامانوەستێنێ تا ئەوکاتەی هاوڵاتانی ئێمە مافەکانی خۆیان وەردەگرنەوەو هەنگاوی پراکتیکی زیاتریش دەنێین."


پەرلەمان عێراق دیوەخان نیە ئێوە کۆنترۆڵی بکەن

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×