ماکرۆن سیاسییەکانی لوبنان بە “خیانەتکار” ناودەبات
  2020-09-28       480       
سەرۆک کۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن چینی سیاسیی لوبنانی بە خیانەتکردن لە بەڵینەکانیان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ لە وڵاتەکەیان تۆمەتبار کرد.

ئیمانوێل ماکرۆن لەبارەی دۆخی سیاسی لە لوبنان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە پاریس ئەنجامدا.

ماکرۆن وتی، “ئەو نەخشە رێگەیەی فەڕەنسا پێشکەشی کردووە تاکە بژاردەی گونجاوە بۆ لوبنان”.

سەرۆک کۆماری فەڕەنسا وتیشی،”لەسەر ئەو شکستە لایەنەکانی لوبنان بەرپرسیارییەتی تەواویان دەکەوێتە ئەستۆ”.

ماکرۆن راشیگەیاند، “دوایین دەرفەت لەبەردەم سەرکردە لوبنانییەکاندا هەیە بۆ پابەندبوون بە بەڵێنەکانیان کە لە سەرەتای مانگی ئەیلوول دایان بە ئامانجی پێکهێنانی حکوومەت”.

سەرۆک کۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن وتشیی، “هەست بە ‘شەرم’ دەکەین لەبەرامبەر ئەوەی سەرکردە لوبنانییەکان کردیان، و ماوەی چوار بۆ شەش هەفتە مۆڵەتیان پێدەدەین بۆ پێکهێنانی حکوومەت لەچوارچێوەی دەستپێشخەرییەکەی فەڕەنسادا”

لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی بەوە ئێران رێگربووە لەبەردەم پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی لوبنان ماکرۆن گوتی: “هیچ بەڵگەیەک نییە بەوەی ئێران رۆڵی گێڕابێت لە پێکنەهێنانی حکوومەتی لوبنان”.

ماکرۆن رەخنەی لە حزبوڵڵای لوبنان گرت و رایگەیاند، دەبێ حزبوڵڵا پێیوانەبێت لەوە بەهێزترە کە هەیە، و ئاماژەی بەوە کرد کە نابێ حزبوڵڵا خۆی وەک سوپا نیشان بدات و دژایەتی ئیسرائیل بکات و لە لایەک شەڕی سووریا بکات و لە لوبنانیش وەک حزب رێزی لێ بگیرێت.. پێویستە ئەوە بسەلمێنێت کە رێزی سەرجەم لوبنانییەکان دەگرێت.. لەم چەند رۆژەی دواییدا بە روونی پێچەوانەی ئەوە دەبینرێت.

ئەم لێدوانی سەرۆککۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن دوای ئەوە دێت کە دوێنێ شەممە، مستەفا ئەدیب کشانەوەی خۆی لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی لوبنان راگەیاند دوای ئەوەی رۆژی ٣١ی ئابی رابردوو لەلایەن سەرکۆمار، میشێل عەون ئەرکی پێکهێنانی حکوومەتی پێسپێردرا.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×