وەزارەتی رۆشنبیری: هیچ نیەتێكی خراپ لە پشت بڕیارەكەمانەوە بۆ بەرتەسككردنەوەی ئازادی بیروڕا نییە
  2020-09-28       651       

دوای ناڕەزایەتی و رەخنەی توندی بەشێكی زۆر لە نوسەران و روناكبیران سەبارەت بە بڕیارێكی وەزارەتی رۆشنبیری بۆ سانسۆركردنی كتێب، وەزارەتەكە جەخت دەكاتەوە كە بڕیارەكەیان "هیچ نیەتێكی خراپی بۆ بەرتەسككردنەوەی ئازادی بیروڕا لە پشتەوە نییە."

ئاوێنە: وەزارەتی رۆشبنیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاند، فەرمانێكی وەزاریمان بۆ رێكخستنەوەی پێدانی ژمارەی سپاردنی كتێب، نیگەرانی نوسەران و روناكبیرانی لێكەوتەوەو وەك هۆكارێك بۆ بەرتەسككردنەوەی ئازادی چاپكردنی كتێب لێكیان دایەوە، بۆیە بەپێویستی دەزانین رونیبكەینەوە كە فەرمانەكە پشتی بە یاساو رێنمایی بەستوە.

ئاماژەی بەوەشداوە كە فەرمانەكەیان پشتبەستوە بە یاسای چاپەمەنی هەرێمی كوردستان كە لە ساڵی 1993دا دەرچوەو لە ماددەیەكیدا بەڕونی بڵاوكردنەوەی ئەو بابەتانەی قەدەغەكردون كە جنێو و ناوزڕاندنی كەسان‌و دەستدرێژی بۆ سەر حورمەتی ئایین‌و مەزهەبەكان‌و دابونەریت‌و سیستمی گشتی تێدا بێت‌.

جەختیشی كردۆتەوە "فەرمانەكەی وەزارەتمان جەختی لەو مادە یاساییە كردۆتەوە، هیچ نێتێكی خراپی بۆ بەرتەسككردنەوەی ئازادیی بیروڕا لەپشتەوە نییە."

ئەوەشی خستۆتەڕو "ئەم فەرمانە بۆ رێكخستنەوەی پێدانی ژمارەی سپاردنە، بەجۆرێك رێگە لەبڵاوكردنەوەی ئەو كتێبانە بگرێ‌ كە زمانی كوردی دەشێوێنن، دارشتن‌و رێزمانی كوردی‌و خاڵبەندی لەبەرچاو ناگرن. هەروەها بۆ ئەوەی كتێبەكان مافی خەڵكی دیكە پێشێل نەكەن‌و سنورێك بۆ جنێودان‌و ناوزڕاندن دابنرێت."

وێڕای ناڕەزایەتییەكان بەرامبەر بە بڕیارەكە، وەزارەتەكە لە رونكردنەوەكەیدا ئاماژەی بەوەداوە كە ئەمڕۆ بریاری پێكهێنانی لیژنەی باڵای پێدانی ژمارەی سپاردن بە سەرۆكایەتیی جێگری بەرێوەبەری گشتیی كتێبخانە گشتییەكان‌و ئەندامێتی بەرێوەبەری كتێبخانە گشتییەكانی پارێزگاكانی هەولێرو سلێمانی‌و دهۆك‌و هەڵەبجە‌و ئیدارەی گەرمیان درا‌و لەپارێزگاكانیش لیژنەی لاوەكی دروست دەكرێ‌ بۆ وەرگرتنی داوای ئەو نوسەرانەی داوای ژمارەی سپاردن دەكەن‌و ناردنی بۆ لیژنەی باڵا لەرێی ئیمەیلەوە.

وتوشیەتی"نوسەران‌و روناكبیرانی خۆشەویست دڵنیا دەكەینەوە، هیچ هەوڵێك بۆ بەرتەسكردنەوەی ئازادی نییە، وەزارەتی رۆشنبیری‌و لاوان هەردەم داكۆكیكاری مافەكانی نوسەران‌و روناكبیران‌و ئازادی بیرورا دەبێ‌."

زیاتر لە 60 نوسەرو رۆشنبیر، ئەمڕۆ دوشەممە، لە بەیاننامەیەكدا وتیان"وەزارەتی ڕۆشنبریی حکومەتی ھەرێم بڕیارێکی سەبارەت بە سانسۆرکردنی کتێب دەرکردوە کە ڕۆژە ھەرەڕەشەکانی سەردەمی بەعس و ئەزموونە تۆقێنەرەکەی تاڵیبان و سیستمە دیکتاتۆریەتەکانی ئەوروپای خۆرھەڵاتمان بیردەخاتەوە. ھەموو ئەمانە لەیەکخاڵدا لەگەڵ وەزارەتی ڕۆشنبیریی حکومەتی ھەرێمدا یەکبوون: سانسۆرکردنی بیرکردنەوە و نووسین."

ئەو نوسەرو رۆشنبیرانە ئەوەشیان خستەڕو"ئەو فۆرمەی لە سانسۆر کە بەڕێوەیە لە ھەرێمەکەی ئێمەدا و وەزارەتی ڕۆشنبریی خەریکی دروستکردنیەتی، پلانی ھێرشبردنێکی سیستماتیکە بۆ سەر کتێب بەر لە دایکبوونیان. ڕەچەتەیەکە بۆ ڕێگەگرتن لە لەدایکبوونی کتێب و خنکاندنی بەر لەوەی بگاتە بەردەمی خوێنەران."

بەبڕوای ئەوان "پێوەرەکانی ئەم ھێرشبردنە وخنکاندنەی کتێب، ئامراز و بەھاکانی ھەمان ئەو شتانەن کە سیستمە سیاسی و یاساییە ھەرە ناشیرینەکانی دونیا بۆ کوشتنی کتێب دەیگرنەبەر. نەک ھەر کتێب بەڵکو ھەموو نووسین و داھێنانکی تر کە لەگەڵ توانای عەقڵیی و زەوق و سەلیقەی ئەو رەقیبانەدا نەگونجێت کە لەمەولا کاریان ئەبێتە ئەوەی بڕیاربدەن کام کتێبێک چاپبکرێت و کام کتێب بکوژرێت."

ئەو نوسەرو رۆشنبیرانە ئاماژەیان بەوەشدا كە "هەر میللەتێک بەناو جەھەنەم و زمان و سیستمە سانسۆریەکەی بەعسدا تێپەڕیبێت شورەییەکی گەورەیە قسە لە سانسۆرکردنی کتێب بکات. لەڕووی مێژووییەوە کتێبی ڕاستەقینە ھەمیشە ئەو کتێبانە بوون کە توڕەن، کە ڕەخنەگرن، کە بڕێکی زۆر لە یاخیبوونیان تێدایە، گفتوگۆ دەخەنەوە، ڕیزبەندی قەناعەتەکان و بۆچوونەکان دەسکاریدەکەن، پرسیاردەکەن، پڕن لە تەحەدا."

هەروەك جەخیشیان كردەوە كە بڕیارە تازەكەی وەزارەتی رۆشنبیری "دەمانباتەوە بۆسەردەمی ئەدەبیاتی یاساغ و ھەڵاتوو لەدەستی سانسۆر، ئەدەبیاتێک بە دزیی چاوی وەزەراتەکان و رەقیبەکانییەوە دەستاودەست بکات و مێژوویەکی تر بۆ ھەموو ئەوانە بنووسێتەوە کە بەشێکن لەم تاوانە. یاخود بپەڕێتەوە بۆ ناو دونیای دیگیتالیی و لەوێدا درێژە بەجەنگی خۆی دژ بە رەقیبەکان و وەزارەتەکانیان بدات."

لەكۆتاییشدا وتبوشیان"ئێمە بە توڕەییەکی زۆرەوە داوا لە وەزیری ڕۆشنبیریی و وەزارەتەکەی دەکەین ئەم بڕیارە شەرمھێنە بوەستێنن و کوردستان مەکەن بە گۆڕستانی کتێب. لێرەشەوە رایدەگەیەنین ئێمە پابەندی ئەو بڕیارە نابین."

لە چەند رۆژی رابردودا، وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە فەرمانێكدا كە ئیمزای وەزیری رۆشنبیری لەسەرە،رایگەیاند، بڕیاریانداوە لەمەودا پێش پێدانی ژمارەی سپاردن بە هەر كتێبێك، لەلایەن لیژنەیەیەکی شارەزای ئەو بوارەوە پێداچونەوە و هەڵسەنگاندن بۆ کتێبەکان بکرێت و دواتر ژمارەی سپاردنیان پێبدرێت.

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×