"له‌دانیشتنه‌كه‌ی‌ په‌رله‌ماندا باسی‌ پرساندن‌و سەندنەوەی متمانە له‌مه‌سرور بارزانی‌ ناكرێت"
  2020-09-29       575       
بڕیارە ھەفتەی داھاتو پەرلەمانی کوردستان رۆژێك دیاریی‌ بكات بۆ ئاماده‌بونی‌ مه‌سرور بارزانی‌، به‌وته‌ی‌ سكرتێری پەرلەمانی كوردستان-یش، له‌دانیشتنه‌كه‌دا باسی‌ پرساندن‌و سەندنەوەی متمانە‌ ناكرێت.

ئاوێنه‌: لەسەر داوای مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیارە هه‌فته‌ی‌ داهاتو پەرلەمانی کوردستان دانیشتنێکی تایبەت رێكبخات کە تێیدا سەرۆکی حکومەت لەسەر جێبەجێکردنی كارنامەی چاکسازیی کابینەی نۆیەم، رێڕەوی گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، شیکردنەوەی دۆخی دارایی‌و تەندروستی ئێستای هەرێمی کوردستان‌و لێکەوتەکانی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، وتارێك پێشکەش دەکات.

له‌باره‌ی‌ دانیشتنه‌كه‌وه‌ مونا قەھوەچی، سكرتێری پەرلەمانی كوردستان، به‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕایگه‌یاندووه‌، "بەپێی مادەی ٦٦ لەپەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، سەرۆكی حكومەت دەتوانێ داوا لەپەرلەمان بكات بۆ بابەتێكی گشتی لەگەڵ پەرلەمانتارەكان و خەڵكی كوردستان گفتوگۆ بكات، ئێمەش دوێنێ لەكۆبونەوەی سەرۆكایەتیی پەرلەماندا بڕیارماندا رۆژێك دیاری بكەین بۆ ئامادەبونی سەرۆكی حكومەت كە خۆی داوای كردبو".

وتیشی، "سەرۆكی حكومەت بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی سێ پرس دێتە پەرلەمان، ئەوانیش بریتین لەپەتای كۆرۆناو پەیوەندیی ھەرێم‌و بەغداو چاكسازیی، واتا وتارێك دەدات‌و گفتوگۆش دەكرێت، بەھیچ شێوەیەك مافی پرساندن و لێسەندنەوەی متمانەی تێدا نییە لەسەرۆكی حكومەت و بابەتێكی گشتی دەبێت كە پەرلەمانتارانیش لەچوارچێوەی ئەو سی پرسەدا دەتوانن گفتوگۆ بكەن".
زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×