حكومه‌تی‌ عێراق: داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا پەیامێکی نەرێنییە
  2020-09-29       592       
ئەحمەد مەلا تەڵاڵ
وتەبێژی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگه‌یاند، کشانەوەو داخستنی هەر نێردەیەکی دیپلۆماسی  له‌عێراق لێکەوتەی خراپی لێدەکەوێتەوە، له‌و نێوه‌نده‌شدا داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا له‌به‌غدا پەیامێکی نەرێنییە.

ئاوێنه‌: ئەحمەد مەلا تەڵاڵ، وتەبێژی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌، لەكۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانیدا باسی‌ له‌ئه‌گه‌ری‌ داخستنی‌  باڵیۆزخانەی ئەمریکای‌ له‌به‌غدا كردو وتی‌، کشانەوە یاخود داخستنی هەر نێردەیەکی دیپلۆماسی هەر وڵاتێک، لێکەوتەی خراپی لێدەکەوێتەوە...داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکاش پەیامێکی نەرێنییە.

وتشی‌، مستەفا کازمی سەرۆکوەزیران هەوڵی گەورەی داوە بەمەبەستی رێگریکردن لەو هەنگاوەی ئەمریکاو رازیکردنی ئەمریکا لەسەر ترسناکی کشانەوەیان لەعێراق، هەروەها بڕواپێهێنانی ئەو وڵاتانەی  کە پەیوەندییان بەو بابەتەوە هەیە.

ئەحمەد مەلا تەڵاڵ وتی‌، کشانەوەی ئەمریکا مەترسی دەبێت لەسەر عێراق‌و ناوچەکە بەگشتی، بۆیە حکومەتی عێراق هەنگاوی گەورەی بڕیوە بۆ ئەوەی بگاتە بڕیارێکی ئەرێنی ئەمریکی سەبارەت بەو بابەتە.

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕو كه‌ هەندێک گروپی لەیاسا دەرچو هەوڵی تێکدانی پەیوەندیی نێرده‌ دیبلۆماسییه‌كان دەدەن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ عێراق، بەرپرسیاریەتی ئه‌و كاره‌ش دەکەوێتە ئەستۆی لایەنەکانی دەرەوەی یاسا کە هەوڵدەدەن بڕیاری دەوڵەتی عێراق بشكێنن.

وتەبێژەکەی کازمی، جەختیکردەوە لەسەر سەپاندنی ئاسایش‌و سەقامگریی نەک تەنیا بۆ ئەو نێردە دیپلۆماسییانەی لەعێراقدا کاردەکەن، بەڵکو بۆ تەواوی وڵات.
 
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×