باڵیۆزی ژمارەیەك لە وڵاتان لەگەڵ كازمی كۆبوونەوە
  2020-09-30       524       

باڵیۆز و بەڕێوەبەری كارەكانی باڵیۆزخانەی ژمارەیەك لە وڵاتان لە بەغداد ئەمڕۆ چوارشەممە 30ی ئەیلول لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆبوونەوە و نیگەرانی خۆیان لە زیادبوونی هێرش بۆ سەر نێردە دیبلۆماسییەكان دەربڕی.

ئاوێنه‌: باڵیۆز و بەڕێوبەری كارەكانی باڵیۆزخانەی وڵاتانی (ئوستراڵیا، كرواتیا، كەنەدا، میسر، یەكێتی ئەوروپا، فنلەندا، ئەڵمانیا، یۆنان، ئیتاڵیا، ژاپۆن، ئوردون، بەحرەین، سعودییە، كوەیت، هۆڵەندا، نەرویج، پۆڵەندا، كۆریا، سربیا، ئیسانیا، سوید، توركیا، بەریتانیا، ئەمریكا و یەمەن) نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەگەڵ مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆبوونەوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی باڵیۆزخانەكان لە كۆبوونەوەكەدا پشتیوانیی خۆیان بۆ عێراق و گەلەكەی و سەروەرییەكەی و ویستی هێنانەدی عێراقێكی سەقامگیر و ئاسایش دووپاتكردوەتەوە.

هەروەك نیگەرانیی خۆشیان لەبارەی زیادبوونی هێرشەكان بۆ سەر نێردە دیبلۆماسییەكان نیشانداوە، و جەختیشیانكردوەتەوە كە ئەو هێرشانە تەنها مەترسی نییە بۆ سەر باڵیۆزخانە بیانییەكان، بەڵكو مەترسیشە لەسەر عێراقییەكان وەك ڕوداوەكەی ڕۆژی دووشەممە كە بەهۆیەوە خێزانێك لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغداد بوونە قوربانی.

خۆشحاڵی خۆشیان بۆ ئەو ڕێوشوێنانە دەربڕیوە كە سەرۆكوەزیران و حكومەتەكەی بەو ئاراستەیەدا گرتویانەتەبەر، وەك ئەوەی لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە.

ماوەیەكە هێرشە مووشەكییەكان بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد بەشێوەیەكی گشتی و ناوچەی سەوز و فڕۆكەخانەی بەغداد بەشێوەیەكی تایبەت ڕوویان لە زیادبوون كردووە، ئەمەش نیگەرانیی ناوخۆی عێراقی و وڵاتانی خاوەن نێردەی لە عێراق لێكەوتووەتەوە.

بەمدواییشە ئەمریكا هۆشداری دایە حكومەتی عێراق دەربارەی زیادبوونی ئەو هێرشانە و داخستنی باڵیۆزخانەكەشی لە بەغداد بەو هۆیەوە بەدوورنەزانی.

دووشەممەی ڕابردوو لە ئەنجامی كەوتنەخوارەوەی موشەكی كاتیۆشا لە ماڵێكی ناحیەی ڕەزوانییەی سەر بە بەغداد، كە ناوچەكە نزیكە لە فڕۆكەخانەی شارەكە، پێنج كەسی ئەندامانی خێزانێك گیانیان لەدەستدا و سیانی تریش برینداربوون.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×