وتەبێژی كازمی: هیچ شتێكی رەسمی لە ئارادا نییە بۆ داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەبەغدا
  2020-10-01       414       

ئەحمەد مەلا تەڵال، وتەبێژی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، واشنتۆن ترسی ئەوەی هەیە هێرش بكرێتە سەر نوێنەرایەتییە دیپلۆماتییەكەی بەڵام هیچ شتێكی رەسمی لەئارادا نییە بۆ داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا و حكومەتی عێراقیش خواستی خۆی بۆ هێشتنەوەی باڵیۆزخانەكە بەكراوەیی گەیاندۆتە لایەنی ئەمریكی. 

ئاوێنە: ئەحمەد مەلا تەڵال، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەمیانی چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند"بونی ئەمریكا لە عێراق بۆ هاوكاریكردنی عێراقەو پەیوەندییە بەهێزو باشمان هەن لەگەڵ ئەمریكاو لەسەر ئاستی ئابوری و بوارەكانی دیكەش پەرە بەو پەیوەندییانە دەدەین."

هەروەها ئەوەشی خستەڕو"مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، نیگەرانی خۆی سەبارەت بە كردنە ئامانجی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە عێراق دەربڕی كە ئەوەش مافێكی رەوایە."

وتیشی"حكومەتی عێراق لە چەندین جومگەدا كاردەكات بۆ پاراستنی نێردە دیپلۆماتییەكان و ناوچەی سەوزی بەغدا."

ئاماژەی بەوەشداوە كە "پاراستنی ئەو شوێنانە بەرپرسیارێتییەكە لە ئەستۆی حكومەتی عێراقدایە."

هەروەها هێمای بۆ ئەوە كرد كە حكومەتی عێراق بە ئەمریكا رایگەیاندوە خوازیارە باڵیۆزخانەكەی لە بەغدا بەكراوەیی بمێنێتەوەو وتیشی"ئەمریكا ترسی هەیە لەوەی نوێنەرایەتییە دیپلۆماتییەكەی روبەڕوی هێرش ببێتەوە، بەڵام هیچ شتێكی رەسمی بۆ داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق لەئارادا نییە."

وتەبێژی سەرۆك وەزیرانی حكومەتی عێراق وتیشی"داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا، رەنگە كشانەوەی نوێنەرایەتی و باڵیۆزخانەكانی دیكەی بەدوادا بێت و بەوەش عێراق گۆشەگیر دەبێت و ئەوەش شتێكە هەندێك لایەنی دەرەكی كاری لەسەر دەكەن."

هەروەها ئەوەشی وت"حكومەتی عێراق قۆناغی باشی بڕیوە لە گفتوگۆی ستراتیژی لەگەڵ ئەمریكادا."

جەختیشی كردەوە كە دەزگا ئەمنییەكانی عێراق بەردەوامن لەسەر شوێنپێهەڵگرتنی تیرۆریستان و دەرچوان لە یاسا و هەندێك لەوانەی بەرپرسیارن لە كردنە ئامانجی ناوچەی سەوز دەستگیركراون.

هێمای بۆ ئەوەش كرد كە ئایندەی عێراق وەك دەوڵەتی لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدایەو ئەوەش پەیامێكە بۆ ئەو گروپانە كە عێراق بەرگەی گۆشەگیری نێودەوڵەتی ناگرێت.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×