2020-10-02   466     
ئا: لوقمان غه‌فوور
سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ 2ی تشرینی یه‌كه‌م، سكرتێری رۆژنامه‌وانی كۆشكی سپی رایگه‌یاند كه سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ و میلانا تره‌مپ پێكه‌وه تووشی كۆرۆنا ڤایرۆس بوون.
هه‌روه‌ها له توێتێكدا تره‌مپ، سه‌عات 1ی شه‌وی رابردوو به‌كاتی واشنتۆن نوسیویتی كه خۆی و خانمی یه‌كه‌می ئه‌مه‌ریكا تووشی كۆڤید-19 بوون و پێكه‌وه له كۆشكی سپی خۆیان كه‌ره‌نتینه كردووه و به‌زوترین كات چاكده‌بنه‌وه.
له لێدوانێكیشدا له‌به‌رده‌م رۆژنامه‌نووسان دره‌نگانی شه‌وی رابردوو، د. شۆن كۆنلی دكتۆری تایبه‌تی سه‌رۆك وتی: "له سه‌رله‌به‌یانی رۆژی 1ی تشرینی یه‌كه‌مه‌وه دڵنیابووینه‌ته‌وه كه سه‌رۆك تووشی كرۆنا بووه" وتیشی: "سه‌رۆك و خانمی یه‌كه‌م هه‌ردووكیان ته‌ندروستیان باشه، پلان وایه له‌ماڵه‌وه له كۆشكی سپی بمێننه‌وه و چاره‌سه‌ر وه‌رگرن".
باسی له‌وه‌شكرد ئه‌و و تیمی پزیشكی له كۆشكی سپی ماونه‌ته‌وه بۆ چاودێری سه‌رۆك، وتیشی: "پێزانینیان هه‌یه بۆ پزیشكانه‌ی كه به‌زووترین كات گه‌یشتونه‌ته كۆشكی سپی بۆ هاوكاری و به‌ده‌نگه‌وه‌هاتن".
كۆنلی بێئه‌وه‌ی ئه‌و هاوكارییانه روونبكاته‌وه پێشكه‌شیان كردوون ، وتیشی: "دڵنیایی ئه‌ده‌ین كه سه‌رۆك كاروچالاكییه‌كانی خۆی ناوه‌ستێنێت له‌ماوه‌ی كه‌ره‌نتینه‌دا له كۆشكی سپی".
هه‌روه‌ها دوانیوه‌ڕۆی 1ی تشرینی یه‌كه‌م میدیاكانی ئه‌مه‌ریكا ئاماژه‌یان به‌وه‌دا كه هۆپ هیكس یه‌كێك له هاوكاره‌كانی كه‌مپینی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك تووشی كۆرۆنا ڤایرۆس بووه و دواتریش ئه‌وه بڵاوبۆوه كه تره‌مپ و خانمی یه‌كه‌م پشكنینی پزیشكیان بۆ كراوه و چاوه‌ڕێی ئه‌نجامه‌كانن تا دره‌نگانی شه‌و راگه‌یه‌نرا ئه‌وانیش تووشبوون.
هیكس له چه‌ند رۆژی رابردوودا چه‌ندین گه‌شتی كردووه له‌گه‌ڵ سه‌رۆك تره‌مپ له‌نێو ئه‌و گه‌شتانه، یه‌كه‌م دیبه‌یتی سه‌رۆكایه‌تی 2020 بوو له كلیفلاند له 29ی سێپتێمبه‌ر.
هه‌روه‌ها هه‌مان رۆژ له‌نێو كۆپته‌ری (مارین وه‌ن)ی سه‌رۆكایه‌تی چه‌ند راوێژكارێكی سه‌رۆك بینراون له نێویاندا جارید كۆشنێر-ی زاوای تره‌مپ و دان سكاڤینۆ و نیكۆلاس لۆنا، بێئه‌وه‌ی هیچ ماسكێكیان به‌ستبێت.
هیكس نه‌ك ته‌نیا په‌یوه‌ندی به تره‌مپه‌وه به‌هێزه به‌ڵكو له‌گه‌ڵ ته‌واوی خێزانی تره‌مپ به‌تایبه‌تی ئیڤانكا تره‌مپ و كارمه‌ندانی كۆشكی سپی په‌یوه‌ندی هه‌یه. بۆیه پێده‌چێت به‌شێكی زۆری ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵی هه‌بوو بێت تووشی كۆرۆنا ڤایرۆس بووبن.