سنورەكانی نێوان عێراق و ئێران دادەخرێن
  2020-10-02       545       

حکومەتی ئێران رایگەیاند، لە ماوەی بەڕێوەچونی رێوڕەسمەکانی چلەی ئیمام حسێندا سەرجەم سنورە زەمینییەکانیان لەگەڵ عێراق دادەخرێت و گەشتە ئاسمانییەکانیش رادەگیرێن.

ئاوێنە: لیژنەی حکومی تایبەت بە رێوڕەسمەکانی چلەی ئیمام حسێن لە ئێران رایگەیاند، بە لەبەرچاوگرتنی داواکاری حکومەتی عێراق سەرجەم دەروازە سنورییەکانی نێوان ئەو دو وڵاتە دادەخرێن و تەواوی گەشتە ئاسمانییەکانیش بە شێوەی کاتی رادەگیرێن.

باسی لەوەشکردوە، ئەوەی لەبارەی رێگەپێدان بە چونە ناوەوەی زیارەتکارانی چلە لەسەر زاری بەرپرسانی عێراقیەوە بڵاوکراوەتەوە دورە لە راستیەوە و بەهۆی بەردەوامی بڵاوبونەوەی کۆرۆنا لە هەردو وڵات لە ماوەی رێوڕەسمەکانی چلەی ئیمام حسێن هەمو جۆرە گەشتێک لە ئێرانەوە بۆ ئەو وڵاتە قەدەغەیە.

بڕیارە رۆژی هەشتی ئەم مانگە رێوڕەسمەکانی چلەی ئیمام حسێن بەڕێوەبچن و لە ساڵانی رابردودا نزیکەی یەک ملیۆن زیارەتکاری بیانی شیعە کە زۆرینەیان ئێرانی بون بەشدارییان لەو رێوڕەسمەدا دەکرد.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×