فواد حسێن بۆ پۆمپیۆ: نیگەرانین لە بڕیاری داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا
  2020-10-03       593       

فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوتا ئەمریكییەكەی نیگەرانی خۆی سەبارەت بە بڕیاری ئەمریكا بۆ كشانەوەی باڵیۆزخانەكەی لە بەغدا دەردەبڕێت و دەشڵێت: حكومەتی عێراق كۆمەڵێك رێوشوێنی گرتۆتەبەر بۆ راگرتنی هێرشەكان بۆ سەر ناوچەی سەوزو فڕۆكەخانەو ئەوەش بەمزوانە ئەنجامی باشی دەبێت.

ئاوێنە: وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، شەوی رابردو فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا پێگەیشتوە.

بەگوێرەی بەیاننامەكە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، هەردو وەزیری دەرەوەی عێراق و ئەمریكا تاوتوێی پەیوەندییە دوقۆڵییەكانی نێوان هەردو وڵات و هەروەها بڕیاری سەرەتایی ئیدارەی ئەمریكایان بۆ كشانەوەی باڵیۆزخانەكەی لە بەغدا، كردوە.

فواد حسێن وێڕای ئەوەی بڕیارەكەی بە بڕیارێكی سیادی لایەنی ئەمریكی زانیوە، بەڵام نیگەرانی لەبەرامبەر بڕیارەكە دەربڕیوەو پێشی وابوە كۆمەڵێك ئەنجامی لێدەكەوێتەوە كە لە خزمەت بەرژەوەندی گەلی عێراقدا نین.

هەروەها فواد حسێن جەختی كردۆتەوە كە حكومەتی عێراق كۆمەڵێك رێوشوێنی ئەمنی، رێكخراوەیی، سیاسی و دیپلۆماتی گرتۆتەبەر بۆ راگرتنی هێرشەكانی سەر ناوچەی سەوزو فڕۆكەخانەی بەغداو "بەمزوانەش ئەو رێوشوێنانە ئەنجامی باش و كۆنكرێتیان دەبێت."

لای خۆیشیەوە مایك پۆمپیۆ جەختی كردۆتەوە كە پەیوەندییەكانی ئەمریكاو عێراق گرنگن بۆ هەردولا.

هەر بەگوێرەی بەیاننامەكە فواد حسێن و مایك پۆمپیۆ، ئەگەرە جیاجیاكانی داهاتویان لە پەیوەست بە دۆخی نێردە دیپلۆماتییەكان لە بەغدا تاوتوێ كردون و وەزیری دەرەوەی ئەمریكاش بەڵێنی داوە، ئەوەی لە گفتوگۆكەیاندا باس كراوە، بەهەند وەربگرێت و هەردولاش جەختیان لە گرنگی بەردەوامی لە ئاڵوگۆڕی بیروڕاو پەیوەندی كردۆتەوە لەپێناو دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ ئەم قەیرانە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×