ئەرمینیاو ئازەربایجان گەیشتنە رێككەوتن لەسەر ئاگربەست
  2020-10-10       848       

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا، ئەمڕۆ شەممە، رایگەیاند، ئەرمینیا و ئازەربایجان گەیشتونەتە رێككەوتن لەسەر  ئاگربەست.

ئاوێنە: سێرگی لاڤرۆڤ بە رۆژنامەنوسانی رایگەیاند، ئەرمینیاو ئازەربایجان رێككەوتون لەسەر راگەیاندنی ئاگربەست كە لە سەعات 12ی نیوەشەوی ئەمڕۆ شەممەوە ئاگربەستەكە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

وەزیری دەرەوەی روسیا ئاماژەی بەوەداوە كە ئاگربەستەكە بۆ مەبەستی مرۆیی و ئاڵوگۆڕی دیلەكان و تەرمی كوژراوەكانی جەنگە لەڕێگەی خاچی سوری نێودەوڵەتییەوە.

ئاگربەستەكە دوای ئەوە هات كە لەسەر داوای روسیا، وەزیرانی دەرەوەی ئەرمینیاو ئازەربایجان بە ئامادەبونی وەزیری دەرەوەی روسیا لە مۆسكۆ كۆبونەوە لەبارەی شەڕی قەرەباغی نێوان ئەو دو وڵاتە و كۆبونەوەكەش نزیكەی 10 سەعاتی خایاند.

رۆژی 27ی ئەیلولی ئەمساڵ، شەڕو پێكدادانی سەربازی لە نێوان ئەرمینیاو ئازەربایجان لەسەر هەرێمی قەرەباغ سەری هەڵدایەوە كە ماوەی 30 ساڵە ناكۆكی ئەو دو وڵاتە لەسەر ئەو هەرێمە بەردەوامە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×