پەرلەمان بونی ئەو یاسایە پشتڕاست ناكاتەوە كە "زێباری" بۆ دەستگیركردنی "شێروان شێروانی" ئاماژەی پێداوە
  2020-10-12       1824       

ئا: ئاوێنە

پەرلەمانی كوردستان دەرچونی ئەو یاسایە لە ساڵی 2001دا پشتڕاست ناكاتەوە كە ئەمڕۆ یەكشەممە، دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم، بۆ دەستگیركردنی رۆژنامەنوس شێروان شێروانی، ئاماژەی پێدابو.

دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە راگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی بۆ ئاوێنە نێردراوە، وتبوی"بەڕێز (شێروان شێروانى) لەسەر فەرمانى راگرتن کە لە دادگاى لێکۆڵینەوەى دهۆک دەرچوە دەستگیرکراوە، ناوبراو تۆمەتبارە بە پێى ماددەى ١٥٦ لە یاساى سزادانى عێراقى، ژمارە (٢١) بۆ ساڵى ٢٠٠١ کە لە پەرلەمانى هەرێمى کوردستان هەموار کراوە."

بەڵام بەگوێرەی ماڵپەڕی رەسمی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 2001دا تەنیا 19یاسا دەركراون و هیچ یاسایەك بە ژمارە (21) لە ماڵپەڕەكە بۆ ئەو ساڵە بونی نییە، واتە لەو ساڵەدا یاسایەكی لەو شێوەیە دەرنەكراوە كە رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان ئاماژەی پێداوە.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە سەبارەت بە داخستنی نوسینگەكانی ئێن ئاڕ تی لە دهۆك و هەولێر، دیندار زێباری، بۆ راپۆرتێكی رێكخراوی هیومان رایتس ۆوچ، رایگەیاندبو، کەناڵەکە ماددەی دوی یاسای ١٢ی ساڵی ٢٠١٠ی پێشيلکردوە کە بەوتەی ئەو یاساکە هاندانی "تێکدانی ئارامی کۆمەڵگاو ئاژاوەناوە" لەلایەن کەناڵەکانی میدیاوە بە تاوان لەقەڵەم دەدات. یاساکە ڕێگە بە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان دەدات هەستێ بە داخستنی کەناڵە میدیاییەکە بۆ ماوەی ٧٢ کاتژمێر وەک سزای سەرەتایی، پاشان ئەگەر بۆماوەی هەفتەیەک ئەگەر لە پێشيلکاریەکە بەردەوام بو، لە کۆتاییدا هەڵدەسێت بە لێسەندنەوەی مۆڵەتی کارکردن لە کەناڵەکە.

دیندار زێباری بۆ هیومان رایتس ۆوچ وتوشیەتی"لەم کەیسەدا وەزیری داد لەسەر داوای وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان داوای هەڵپەساردنی پەخشی کەناڵی (ئێن. ئاڕ.تی) کردوە بەهۆی "هاندانی هاوڵاتیان لە پێشێلکردنی ڕێنماییە تەندروستیەکانی حکومەت بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبونەوەی پەتای کرۆنا."

بەڵام هیومان ڕایتس ۆوچ لە راپۆرتەكەیەكەیدا وتویەتی: كە رێكخراوەكەیان نەیتوانیوە بزانێ ئەوە کام یاسایە زێباری باسی دەکات بەو پێیەی ئەو یاسایەی ئەو ناوی برد پەیوەندی بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێم هەیە.

بەگوێرەی ماڵپەڕی پەرلەمانی كوردستان، یاسای ژمارە 12ی ساڵی 2010، ناوی  "یاسای وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزاری هەرێمی كوردستان-عێراق"ە.

ئازاد عوسمان، رۆژنامەنوس، لەبارەی ئاماژەكانی رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان بەو یاسایانە كە پەرلەمانی كوردستان پشتڕاستیان ناكاتەوە، لەلاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك وتویەتی"بێگومان ھەمومان وەک مرۆڤ ھەڵە دەکەین یان ھەڵە تێدەگەین و دەگوازینەوە، بەڵام ئەمجۆرە قسانە بۆ کەسێکی وەک 'دیندار زێباری' کە پۆستێکی فەرمی ھەیەو بە زمانی حکومەتێکەوە قسەدەکات بەڕوی جیھان و ھەمو رێکخراوە کاراکانی بواری مافی مرۆڤ و ئازادیی و رۆژنامەوانی، ھەڵە نین، بەڵکو فەزاحەتن!"


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×