ئاماری نوێی كۆرۆنا لە عێراق: زۆرترین حاڵەتی گیانلەدەستدان لە هەولێر تۆماركراوە
  2020-10-15       696       

بەپێی ئاماری رۆژانەی وەزارەتی تەندروستی عێراق، لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا، سێ هەزارو 587 كەسی دیكە توشی كۆرۆنا بون و سێ هەزارو 356 توشبوش چاكبونەتەوەو هەروەها 65 توشبوی ڤایرۆسەكەش گیانیان لەدەستداوە كە زۆرترینیان لە پارێزگای هەولێر بون.

ئاوێنە: وەزارەتی تەندروستی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد: لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا، 20 هەزار و 23 پشكنینی كۆرۆنا لەسەرتاسەری وڵات ئەنجامدراون و بەپێی ئەنجامەكان سێ هەزارو 587 كەسی دیكە توشی كۆرۆنا بون.

بەپێی بەیاننامەكە هەر لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا 65 توشبوی دیكەی كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوەو سێ هەزارو 356 توشبوی دیكەش چاكبونەتەوە.

بەگوێرەی بەیاننامەكە لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا لەسەر ئاستی پارێزگاكانی عێراق، پارێزگای هەولێر بەرزترین ژمارەی مردنی بە كۆرۆنا تێدا تۆماركراوە كە 10 حاڵەت بوەو دوای ئەویش سلێمانی و دهۆك دێن بە نۆ حاڵەتی گیانلەدەستدان.

وەزارەتی تەندروستی عێراق لە بەیاننامەكەیدا هێمای بۆ ئەوە كردوە كە بە تۆماركردنی ئەم حاڵەتە نوێیانە، كۆی توشبون بە كۆرۆنا گەیشتۆتە 416 هەزار و 802 كەس و لەوانە 10 هەزارو 86 كەسیان گیانیان لەدەستداوەو 350 هەزارو 752 كەسیان چاكبونەتەوەو 55 هەزارو 964 كەسیشیان لەژێر چارەسەردان كە لەوانە 474 توشبویان لەژێر چاودێری چڕدان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×