لایەنگرانی حەشدی شەعبی ئاگریان لە بارەگای پارتی لە بەغدا بەردا
  2020-10-17       1151       

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، لایەنگرانی حەشدی شەعبی لە بەغدا، چونە ناو بارەگای لقی پێنجی پارتی و ئاگریان لە بارەگاكە بەردا ئەوەش وەك ناڕەزایەتییەك بەرامبەر بە لێدوانەكانی ئەم دواییەی هۆشیار زێباری، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی.

ئاوێنە: هەندێك لە گروپەكانی سەربە حەشدی شەعبی لەنێویاندا "ربع الله" لە دوێنێوە لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە دەستیان كردبو بە بانگەوازكردنی خەڵك بۆ بەشداری لە خۆپیشاندانێك لەبەردەم لقی پێنجی پارتی لە بەغدا.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە خۆپیشاندەران بەوتنەوەی دروشمی پشتیوانی بۆ حەشدی شەعبی و ئیدانەكردنی لێدوانەكانی هۆشیار زێباری، دوای ئەوەی توانیان بچنە نێوی، ئاگریان لە بارەگاكەی پارتی بەردا و هەروەها ئاڵای حزبەكەیان لەسەر بارەگاكە داگرت و ئاڵای حەشدی شەعبیان لەجێی هەڵكردو هەروەها بەشێك لە خۆپیشاندەران ئاڵای كوردستانیان لەبەردەم بارەگاكە لە ژێر  پێداناو بەشێكیشیان ئاگریان تێبەردا.

رۆژی 12ی ئەم مانگە، هۆشیار زێباری لە چاوپێكەوتێنكی تەلەفزیۆنیدا سەبارەت بە هێرشە موشەكییەكەی سەر هەولێر، وتبوی، بە ئامانجكردنی هەولێر لەوەوەیە كە گروپەكانی حەشدی شەعبی پێیانوایە هەرێمی كوردستان نزیكە لە ئەمریكاوەو ئەوەشی خستبوەڕو"گروپە چەكدارەكانی حەشد بەغداو هەولێر دەكەنە ئامانج هەروەك ئەوەی داعش دەیكردنە ئامانج."

ئەو لێدوانانەی هۆشیار زێباری كاردانەوەی توندی بەشێك لە سەركردەو لایەنگرانی حەشدی بەدوای خۆیدا هێنا.

رۆژی 14ی ئەم مانگە لەسەر ئەو لێدوانانەی هۆشیار زێباری، لە کۆبونەوەی پەرلەمانی عێراق گرژی لەنێوان پەرلەمانتارانی پارتی و بەشێك لە پەرلەمانتارانی فراكسیۆنە نزیكەكانی حەشدی شەعبی دروست بو و بەو هۆیەشەوە كۆبونەوەكە بۆ كاتێكی نادیار هەڵگیرا. 

حەسەن کەعبی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە سەرۆکایەتی کۆبونەوەکەی پەرلەمانی دەکرد وتی، رێگەنادەین بێڕێزی بە هیچ دامەزراوەیەکی فەرمی دەوڵەتی عێراقی فیدراڵ و هەرێمیش بکرێت، لێدوانەکەی هۆشیار زێباری رەتدەکەینەوە. داواشی لە هۆشیار زێباری کرد کە داوای لێبووردن لە حەشدی شەعبی بکات. 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×