نێچیرڤان بارزانی سوتاندنی بارەگای پارتی لە بەغدا شەرمەزار دەکات
  2020-10-17       388       

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان هێرشكردنە سەر بارەگای پارتی لە بەغدا شەرمەزاردەكات و داوا لە حکومەتی عێراق دەكات لێکۆڵینەوە خێرا دەستپێبکەن و تێكده‌ران ڕوبه‌ڕوى ياسا بكرێنه‌وه‌.

ئاوێنە: نێچیرڤان بارزانی لە راگەیەندراوێكدا وتی"سه‌رله‌به‌يانيى ئه‌مڕۆ گروپێكى له‌ياساده‌رچو بارەگای لقی پارتی دیموکراتی کوردستانیان لە شاری بەغدا سوتاندو لە کاتی هێرشەکەدا ئاڵای کوردستان و وێنەی سیمبولەکانی کورد سوتێندراون و ئاڵای حەشدی شەعبی هەڵکراوه‌."

ئەوەشی خستۆتەڕو"ئێمە ئەو هێرشە شەرمەزاردەکەین و بە کردەوەیەکی ئاژاوەگێڕانەی دادەنێین. هێرش بۆ سه‌ر باره‌گاى حزبێك كه‌ هێزێكى سه‌ره‌كيى ڕوخاندنى دكتاتۆرى بوه‌ له‌ عێراق، هێرشه‌ بۆ سەر مێژوی خەباتی هاوبەشی کوردو هێزە عێراقییە شۆڕشگێڕەکان لەپێناو نەهێشتنی زۆرداری و دیکتاتۆری. هەڕەشه‌يە بۆ سەر پێکەوەژیانی ئاشتیانە، لەباربردنی ئاشتيی کۆمەڵایەتی و سیاسييه‌و لەگەڵ بنەماکانی دەستور و دیموکراسى و مافەکانی مرۆڤ، ناكۆكه‌."

ئاماژەی بەوەشداوە كە "هێزی پێشمەرگەو حەشدی شەعبی و هێزە چەکدارەکانی عێراق مێژویەکی تازەی هاوبەشیان لە شەڕی داعشدا تۆمار کرد، ئێمە هیوادارین ئەو هاوبەشییە هاوکارییەکی زیاتری بەدوادابێت لەڕوی سیاسییەوە لەپێناو دەربازکردنی هەمو خەڵکی عێراق لەو بارودۆخە ناخۆشەی تێیکەوتوە."

سەرۆكی هەرێم جەختیشی كردۆتەوە"نابێ هیچ لێدوان و مشتومڕێک لە هیچ بوارێکدا ئەو هاوبەشییە تازەیەی نەتەوەو پێکهاتەکانی عێراقى تازه‌ تێکبدات، دەبێ هەمو لایەک ئەو هاوخەباتییەی ڕابردو بەکاربێنین بۆ یارمەتیدانی حکومەتی فیدرالیی عێراق لەپێناو هێنانەکایەی بەڕێوەبردنێکی باشتر کە لە خزمەت خەڵکی عێراقدا بێت."

لەكۆتاییشدا داوای لە هەمو لایەک كردوە بە ئارامی مامەڵە لەگەڵ ئەو ڕوداوە بکەن و دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی عێراق لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە یاساییيەکانیان بەشێوەیەکی جددی و خێرا دەستپێبکەن و تێكده‌ران ڕوبه‌ڕوى ياسا بكرێنه‌وه‌.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×