مەسعود بارزانی: پەلاماردانی پارتی باجی دەبێت
  2020-10-17       1526       

مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی، سەبارەت بە هێرشكردنە سەر بارەگانی ئەو حزبە لە بەغداو سوتاندنی ئاڵای كوردستان، رایگەیاند"ئەوانەی بیانەوێ پەلاماری پارتی بدەن و سوکایەتی بە بەهاکانی گەلی کوردستان بکەن، دواجار باجی ئەو کارەیان دەدەن."

ئاوێنە: مەسعود بارزانی لە پەیامێكدا رایگەیاند"هەواڵی پەلاماردانی بارەگای لقی ٥ـی پارتی لەلایەن تاقمێکی گێرەشێوێنمان پێ گەیشت، کە لە ئەنجامی ئەو کردەوە نایاساییەدا سوکایەتییان بە ئاڵای پیرۆزی کوردستان و ئاڵای پارتی کردوە."

ئەوەشی خستۆتەڕو"بەتوندترین شێوە ئیدانەی ئەو پەلامارە نامەردانەیە دەکەین و لێرەدا ڕایدەگەیەنین ئەم جۆرە پەلامار و دەستدرێژییانە بە هیچ شێوەیەک لە پێگەی کورد و بەها باڵاکانی گەلی کوردستان کەم ناکەنەوە، بەڵام بەڕونی دواکەوتویی و بێ فەرهەنگی و عەقڵیەتی ئەو تاقمە شەڕانگێزە بۆ هەمو لایەک دەردەخات."

سەرۆكی پارتی وتوشیەتی"ئەو چاوەڕوانییەمان لە حکومەتی فیدڕاڵی عێراق هەیە کە ئیجرائاتی پێویست لە بەرامبەر ئەو پەلاماردەرانە بگرێتە بەر، لە هەمان کاتدا جەختیش لەوە دەکەینەوە ئەوانەی بیانەوێ پەلاماری پارتی بدەن و سووکایەتی بە بەهاکانی گەلی کوردستان بکەن، دواجار باجی ئەو کارەیان دەدەن."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×