وەزیری پێشمەرگە: بێڕێزیكردن بە ئاڵای كوردستان بە توندی ئیدانە دەكەین
  2020-10-17       426       
وەزیری پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، بێڕێزیكردن بە ئاڵای كوردستان بەتوندی ئیدانەدەكەین و داواش لە حكومەتی عێراق دەكات ڕێگری لەو جۆرە پێشێلکارییانە بکات.

ئاوێنه‌: شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە ئەمڕۆ شەممە 17ی تشرینی یەكەم لە ڕاگەیەنراوێكدا دەڵێت، "سوتاندن و بێڕێزیکردن بە ئاڵای پیرۆزی کوردستان، کە سەدان و هەزاران پێشمەرگەی قارەمان و خەباتگێڕ و تێکۆشەری ئەم نەتەوەیە، لەژێر سێبەرەکەیدا گیانی خۆیان بەخشیوە بەتوندی ئیدانە دەکەین".

دەشڵێت، داوا لە حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ و هێزە دیموکراتییەکان دەکەین، لێکۆڵینەوەی جددی لەوبارەوە بکەن و ڕێگری لەو جۆرە پێشێلکارییانە بکەن، کە دواجار میمبەری پێکەوەژیانی پێکهاتەکان و پاراستنی بەها دیموکراتیەکان و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی لەعێراق دەخاتە مەترسییەوه.

دەقی ڕاگەیەنراوەكە:

راگەێیندراوێک لەوەزارەتی پێشمەرگەوە

سوتاندن و بێڕێزی کردن بەئاڵای پیرۆزی کوردستان، کە سەدان و هەزاران پێشمەرگەی قارەمان و خەباتگێڕ و تێکۆشەری ئەم نەتەوەیە، لە ژێر سێبەرەکەیدا گیانی خۆیان بەخشیوە، " بەتوندی ئیدانەدەکەین."
ئاڵای کوردستان، سیمبولی باڵای بەرخودانی نەتەوەی کوردو رەمزی ئاشتی و ئاوەدانی و پێکەوەژیانە.
پەلاماردانی بارەگای هەر حزب و لایەنێک، دواتر سوکایەتی کردن بەئاڵای کوردستان، پەیامێکی روونەو، دەخوازێت هەرچی زووە ململانێ حزبییەکان و گرژییە سیاسیەکان بەلاوە بنرێن و سەرجەم حزب و لایەنە سیاسیەکانی گۆڕەپانی سیاسی کوردستان، یەکدەنگ ویەکهەڵوێست بن، بۆ پاراستنی پیرۆزییەکان و رووبەڕوبونەوەی مەترسییەکانی ئێستاو ئایندە.
داوا لە حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ و هێزە دیموکراتییەکان دەکەین، لێکۆڵینەوەی جددی لەوبارەوە بکەن و رێگری لەو جۆرە پێشێلکارییانە بکەن، کە دواجار میمبەری پێکەوەژیانی پێکهاتەکان و پاراستنی بەها دیموکراتیەکان و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی لەعێراق دەخاتە مەترسییەوه.
دەستبردن و سوکایەتی کردن بە ئاڵای پیرۆزی کوردستان، بەهیچ شێوەیەک قبوڵکراونیەو، دەبێ ئەنجامدەرانی بەزووترین کات رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە.
ئێمە لەوەزارەتی پێشمەرگه، نیگەرانی قووڵی خۆمان دەردەبڕین و، راشیدەگەێنین꞉ وەک هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەهەموو ئان و ساتێکدا، پارێزەری خاک و ئاڵای پیرۆزی کوردستانین، وەک بیلبیلەی چاومان دەیپارێزین.

شۆڕش ئیسماعیل

وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×