خۆگونجاندن لەگەڵ قەیرانەکان
  2020-10-17       501       

سەرکۆ یونس*


خەرجی مانگانەی مووچەی سەرجەم مووچەخۆران و فەرمانبەرانی سێبەر و ڕاستەقینەی هەرێم نزیکەی (894) ملیار دینارە بەبێ لێبڕین.


لەساڵی دارایی (2020) دا تائێستا (4) مووچەدراوە و تەنها مانگێک بەتەواوی دراوە و دوو مانگی بەلێبڕینی (21%) ەوە دراوە و ئەم مانگەش کە کرا بە مووچەی مانگی ئەیلول بەلێبڕینی (18%) دەدرێت و مووچەی (5)ی ئەمساڵیش کرا بەپاشەوکەتی وون بوو! 
ئاشکرایە ڕێژەیەکی بەرزی خێزانەکان پشتیان بەو مووچە بەستوە کەمانگانە وەک فەرمانبەرو خانەنیشین و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوەکان و کەمئەندامان وەردەگرێت و دەتوانین بڵێن ئابوری تاک وخێزانەکانی هەرێم پەیوەستە بەمووچەوە.
ئەگەر لە(9) مانگی ڕابردودا نمونەی تەنها یەک فەرمانبەری خێزاندار وەربگرین تێبینی دەکەین گریمان مووچەی مانگانەی (800)هەزار دینار بێت ئەوا تەنها یەک مانگی بەتەواوەتی وەرگرتوە و دوومانگی بڕی (632) هەزار دیناری مانگانە و کۆتا مانگیش (656) وەرگرتوە لەماوەی سێ وەرزی ساڵدا ئەگەر کۆی مووچەی وەرگیراو دابەشی هەر نۆ مانگەکەی بکەین ئەوا بۆ هەر مانگێک بری(302) هەزار دینار دەکات بەم بڕەش دەبێت کۆی پێداویستیەکانی ڕۆژانەی سەرجەم ئەندامانی خێزانەکە دابین بکات و بۆ هەندێک کرێ ی خانوو و قیست و قەرزی ڕابردوو لەم بڕە دیاری کراوە بداتەوە.....!
ئەوەی لێرەدا دەمانەوێت تیشکی بخەینە سەر بابەتی خۆگونجاندنی مووچەخۆران و فەرمانبەرانە لەبارودۆخی قەیرانی دارایی و ئابوریدا..
ئاشکرایە خواستی کڕیاروبەکاربەر بۆ پێویستیەکان خواستێکی بێ کۆتایە و پڕکردنەوەی پێویستیەکان بۆ هەندێ شمەک و خزمەتگوزاری بەردەوامەو هەمیشەیی و دوبارە دەبنەوە وەک پێداویستی خواردن و خواردەمەنی و جل وبەرگ و پێویستییەخودیەکان.
لەبارودۆخێکی قەیراناوی ئەمرۆی ئابوری و دارایی کوردستاندا کە داهاتی خێزان و تاک تاڕادەی کەمبوونەوە بۆ نزمترین ئاست دابەزیوە پێویست دەکات لەسەر لێپرسراوی خێزانەکان یان ئەو کەسانەی بەرپرسیاریەتی تاکەکانی خێزانی لەسەرشانە بەو داهاتەی لەبەردەستیایەتی خەرجییەکانیان ڕێک بخەن بۆ ئەوەی بتوانن بەو داهاتە کەم وسنوردارە زۆرترین پێویستی پڕ بکەنەوە ئەگینا هەروەک چۆن حکومەت توشی کورتهێنان بووەتەوە لە بودجەی گشتیدا بەهەمان شێوە بودجەی خێزانەکان توشی کورتهێنان دەبنەوە و ناچار بۆ پرکردنەوە پێویستی بە قەرز دەبێت کەئەمەش بۆ خۆی جارێکی تر بارگرانی زیاتر دەهێنێت بۆ سەر شانی خێزانەکان.
ئاشکرایە بارگرانی زیاتر لەسەر چینی مامناوەندی مووچەخۆرانە کەلەئێستادا بەچینی هەژاران ئەژماردەکرێن چونکە هەر کەمبونەوەی داهاتەکانیان نی یە لەبەرامبەردا بەرزی نرخەکانیش ئاستەنگەکە قورستر دەکات واتە لەهەمانکاتدا کە داهاتی نەختینەیی کەمە بەڵام بازاڕیش هەڵاوسانە و بەدەستهێنانی پێداویستییەکان بۆ زۆرێک لە خێزانەمووچەخۆرەکان کارێکی گرانە وپارەی بەردەست بەشی کڕینی پێداویستیەکان ناکات ،لەبەرئەوە دەبێت و ناچارین کە هەوڵ بدەین یەکەمجار پێداویستیەسەرەکییەکانی وەک خۆراک و خواردەمەنی بەبڕی پێویستی ڕۆژانە دابین بکەین و هەوڵ بدەین لەو بازاڕ و مارکێت و دوکانانە شتومەک بكرین کەنرخیان نزم و گونجاوە بەمەرجی کواڵیتی و تەندروستی و هەروەها پێویستە جلوبەرگ لەم بارودۆخەدا گرنگی زۆری پێ نەدرێت و جگەلە پۆشاکی پێویست زیادەڕۆیی لەکڕینی جلوبەرگی ناپێویستدا نەکرێت ،هەروەها پێویستیەجوانکارییەکان دوابخرێن بۆ کاتێکی تر و لەهەوڵی دابینکردنی پێداویستیە هەنووکەییەکاندا بین وەک خۆراک و خواردەمەنییە پێویستیەکان.
گرنگـــە خێزانەکان هۆشیارییەکی ئەوتۆیان هەبێت تا بتوانن ئەم بارودۆخە تێ بپەڕێنن بۆئەوەی تووشی داڕمانی زیاتری دارایی و ئابوری نەبن و کاریگەری نێگەتیڤ نەکاتە سەر لایەنەکانی تری ژیان بەگشتی و لایەنی کۆمەڵایەتی بەتایبەتی.
بابەتی خۆگونجاندن لەگەڵ قەیرانەکان بابەتێکی خودی تاکەکەس و کۆمەڵگایە و پەیوندی بە خودی کەس و تاک و خێزانەکانەوە هەیە و لەکۆمەڵگایەک بۆ کۆمەڵگایەکی تر جیاوازی هەیە و دەچێتە ژێر ڕکێفی زانستی دەرووناسییەوە ولەم بارودۆخانەدا پەیوەندی ئابوری و دەرووناسی دەردەکەوێت، هەڵبەت بۆ پێداویستیە ناپێویستیەکان دەتوانرێت دوا بخرێت لە کاتێکەوە بۆ کاتێکی تر و  بۆ نمونە کڕینی مۆبایلێکی زیرەکی گرانبەها لەئێستادا دوا بخرێت بۆ کاتێک کە داهاتی تاکەکەس زیاتر بێت لە پێداویستیە سەرەکییەکان ، خۆشبەختانە زۆرێک لە کۆمەڵگاکان توانیویانە زاڵ ببن بەسەر خواستەکانیاندا و سنورێک بۆ پێویستییەکانیان دابنێن..
ئەم بارودۆخە نالەبارەی ئابوری و دارایی ئەمڕۆیی هەرێم بێ گومان هۆکاری سیاسی و ئابوری و دەرئەنجامی هەڵە و بێ پلانی و کورتبینی سیاسییە دەستەڵاتدارەکانەوە سەری هەڵداوە و ئەگەر ئیرادەیەکی بەهێزی سیاسی و پلانی تۆکمەیی ئابوری و دارایی نەگیرێتەبەر دەبێت چاوەڕێ ی قەیرانی قورسترو کاریگەرتریش بین بەداخەوە باجی قورسی ئەم قەیرانانە دەبێت فەرمانبەرو چینە دەستکورتەکانی کۆمەڵگا بیدات..
ژیانی سەختی ئەمڕۆی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێم وا دەخوازێت کە خێزان و تاکەکانی کۆمەڵگا پێویستیانە هەڵسوکەوت بکەن و سنورێک بۆ دابین کردنی پێداویستییەکانیان دابنێن هەرچەندە بۆ زۆرێک لە تاک و خێزانەکان قورسە و هەروا کارێکی ئاسان نی یە.. 
بەئومێدی هۆشیارییەکی گونجاوی ئابوری و دارایی بۆ تاک و خێزانەکان و تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە قورسانەی ژیان و گوزەرانی مووچەخۆرو فەرمانبەرانی هەرێم ...
ئابوریناس


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×