ئەمەریكا ھێرشكردنە سەر بارەگای لقی پێنجی پارتی سەركۆنە دەكات
  2020-10-18       213       
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا ھێرشكردنە سەر بارەگای لقی پێنجی پارتی سەركۆنە دەكات و جەختدەكاتەوە، كردەوەی گرووپە میلیشیاكان سەقامگیری عێراق تێكدەدات و شەڕی تائیفی دروست دەكات.

ئاوێنە: مۆرگان ئۆرتاگۆس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، بە توندی ھێرشكردنە سەر بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا سەركۆنە دەكەن، لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كە ئێران پاڵپشتییان دەكات.

ئاماژە بەوەش دەكات، ئازادی رادەربڕین و قسەكردن لە بنەما و كۆڵەگەكانی ھەر دیموكراسییەكە و دەبێت لایەنە سیاسییەكان لە كێبركێیەكی تونددابن بۆ پاراستنی، بەبێ ھەڕەشە لەلایەن گرووپە میلیشیا گێرەشێوێنەكان.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا راشیگەیاند "چالاکییە تێكدەرانەكانی ئەو میلیشیایانەی کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن و لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتی عێراق کار دەکەن، دەبێتە هۆی ناسەقامگیری ئەمنی و ململانێی رەگەزی و تائیفی و ژێرپێخستنی دیموکراسی".

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، داوا لە سەرجەم لایەنەكانی عێراق دەكات، لەم كاتە ھەستیارەدا كە عێراق پێیدا تێپەڕ دەبێت بەھۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا و قەیرانی ئابووری و ھەڕەشەی بەردەوامی داعش، بەرپرسیارانە مامەڵە بكەن.
زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×