لەمڕۆوە ئێران ده‌توانێت هەموو جۆرە چەکێک بکڕێت و بفرۆشێت
  2020-10-18       763       

وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند؛ گەمارۆی نێودەوڵەتی بۆ کڕینی چەک لەلایەن ئێرانەوە، لەمڕۆوە هەڵدەگیرێت و ئیدی دەتوانن بەبێ کۆتوبەندی یاسایی، چەک بکڕن و دەست بە سیاسەتێکی نوێی هاوردەکردنی چەک بکەن بۆ بەرگری لەخۆکردن.

ئاوێنه‌: وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیەندراوەکەیدا ئەمڕۆ (یەکشەممە، 18-10-2020) رایگەیاندووە بەهۆی خاڵێکی رێککەوتنی ئەتۆمییەوە، سەرەڕای هەوڵەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لەمڕۆوە گەمارۆی چەک لەسەر ئێران هەڵدەگیرێت.

ماوەی 13 ساڵە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان گەمارۆی خستووەتە سەر ئێران و رێگەی لێگرتووە چەک بکڕێت، بەڵام بەپێی بڕیاری 2231ـی رێککەوتنی ئەتۆمی کە لە ساڵی 2015 لەلایەن ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک واژۆکرا، ئەو بڕیارە بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی لەمڕۆوە هەڵدەوەشێتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران خۆشحاڵە و لەمبارەیەوە لە راگەیەندراوەکەیدا دەڵێ "لەمڕۆوە سەرجەم گەمارۆکانی پەیوەست بە گواستنەوەی چەک و چالاکییە هاوشێوەکان و خزمەتگوزارییە داراییەکانی پەیوەست بەو بوارە لە، و بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران... بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەوەستێت".

ئێران  دەتوانێت لەمڕۆوە هەموو جۆرە چەکێکی ئاسایی بکڕێت و بفرۆشێت، لەنێویشیان مووشەک، هەلیکۆپتەر و تانک.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×