بانكی ناوەندی عێراق: نرخی دینار بەرامبەر دۆلار نەگۆڕاوە و جێگیرە
  2020-10-18       196       

لەبارەی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی، بانكی ناوەندی عێراق رایدەگەیەنێت: نرخی دینار بەرامبەر دۆلار نەگۆڕاوە و جێگیرە.

ئەمرۆ یەكشەممە 18-10-2020 لە راگەیەندراوێكدا، بانكی ناوەندیی عێراق بڵاویكردووەتەوە،"ئەو لێدوانانەی تایبەت بە داشکاندنی نرخی دینار بەرامبەر دۆلار بڵاوکراوەتەوە تەنها  گوزارشت لە دیدی ئەو کەسە دەکات کە لێدوانەکەی داوە و بە هیچ شێوەیەک لێدوانی فەرمی بانکی ناوەندیی نییە".

ئاماژەی بەوەشداوە، "ئەم هەواڵە چەندین هەواڵی نادروستی دیكەی بەدوای خۆیدا هێناوە، کە لەلایەن مانگرتووانەوە بڵاوکراوەتەوە و کاریگەری لەسەر نرخ بەشێوەیەکی کاتی هەبووە، نرخی بانک جێگیرە و هیچ نەگۆڕاوە، سیاسەتی نەختینەیی بانک ڕوون و ئاشکرایە".

لەبارەی یەدەگی دراوی بیانیشەوە ئەوەی خستووەتەڕوو،" دراوی یەدەگی بیانی زۆر باشە، و بەپێی هەموو ئاماژە نێودەوڵەتییەکان  دەتوانێت ئەم قەیرانەی ئێستای وڵات تێپەڕێنێت".

ئەمەش لەکاتێکدایە، دوێنێ شەممە  بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بەهای دۆلار لە بەرامبەر دیناری عێراقیدا بەرزبوویەوە، بەجۆرێك نرخی 100 دۆلاری ئەمریكی  گەیشتە سەروو 127 هەزار دیناری عێراقی.

 
زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×