كه‌مئه‌ندامان داوای مووچه‌ی 12 مانگی رابردوویان ده‌كه‌ن
  2020-10-18       149       
رێكخراوی یه‌كێتی كه‌مئه‌ندامانی كوردستان له‌باره‌ی مووچه‌وه‌ یاداشتێك ئاڕاسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كات و داوای چاره‌نووسی یه‌ك ساڵی رابردووی مووچه‌كانیان ده‌كات.

 ئاوێنه‌: سامان حسێن سكرتێر رێكخراوی یه‌كێتی كه‌مئه‌ندامانی كوردستان مه‌ڵبه‌ندی گشتی سلێمانی له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: ئه‌مڕۆ دوای 61ڕۆژ پێدانی بڕی 100 هه‌زار بۆ 150 هه‌زار هیچ له‌ژیانی كه‌ئه‌ندامان ناگۆڕدرێت.

 وتیشی: مووچه‌ی یه‌ك ساڵی كه‌مئه‌ندامان به‌ یه‌ك ته‌له‌فۆن راگیرا، كه‌ پێویست بوو مووچه‌ی مانگی 10ی ساڵی رابردوو دابه‌شبكرایه‌، به‌ڵام ئه‌مڕۆ مووچه‌ی مانگی 9 ی ئه‌مساڵ دابه‌شكرا، بۆیه‌ چاره‌نوسی مووچه‌ی یه‌ك ساڵمان نادیاره‌و پێویسته‌ روونكردنه‌وه‌ بدرێت كه‌ ئه‌و مووچانه‌مان چی لێ به‌سه‌ر دێت.

سامان حسێن ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: ئه‌مڕۆ وه‌ك رێكخراوی یه‌كێتی كه‌مئه‌ندامانی كوردستان به‌ره‌سمی یاداشتێك پێشكه‌ش به‌ جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كه‌ین و داوای چاره‌نوسی مووچه‌ی ئه‌و ساڵه‌مان ده‌كه‌ین.

راشیگه‌یاند: ئه‌گه‌ر هیچ وه‌ڵاممان نه‌درێته‌وه‌ به‌واجبی خۆمانی ده‌زانین كه‌ سكاڵای یاسایی له‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم تۆمار بكه‌ین و داوای مافه‌ داراییه‌كانی خۆمان بكه‌ین.
زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×