حكومەت بڕیاریدا مینحەی ئەو زیندانیە سیاسیانە خەرج بكرێت كە هیچ موچەیەكی تریان نییە
  2020-10-18       238       
به‌ره‌ڤان حه‌مدى، بریكارى وه‌زاره‌تى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان‌

به‌ فه‌رمانى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئه‌و زیندانییه‌ سیاسییانه‌ى 10 ساڵى وه‌رگرتنى مینحه‌یان ته‌واو كردوه بەڵام هیچ موچەو مینحەیەكی تریان نییە،‌ پاش چاكسازیكردن و ڕێکخستنەوەی‌ ناوه‌كانیان مینحه‌یان بۆ خه‌رج ده‌كرێته‌وه‌.

ئاوێنە: به‌ره‌ڤان حه‌مدى، بریكارى وه‌زاره‌تى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان‌، به‌ ماڵپه‌ڕى رەسمی پارتى وت"تایبه‌ت به‌ زیندانیان و گیراوانى سیاسى و ئه‌وانه‌ى كه‌ 10 ساڵى وه‌رگرتنى مینحه‌یان ته‌واو كردوه‌ بۆ ڕێكخستنى بژێوى ژیانیان كه‌ هیچ موچه‌ و مینحه‌یه‌كى تریان له‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان نییه‌، به‌ فه‌رمانى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بڕیار درا كه‌ پێدانى مینحه‌كانیان به‌رده‌وام ده‌بێت پاش ئه‌وه‌ى لیسته‌كانیان به‌پێى یاساى ژماره‌ 2ى ساڵى 2020ى پاكتاوى لیستى زیندانیانى سیاسى چاكسازییان تێدا ده‌كرێت."

به‌ره‌ڤان حه‌مدى ڕایشیگه‌یاند"ئه‌م بڕیاره‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ زیندانیانى سیاسى بێبه‌ش نه‌بن له‌م مینحه‌یه‌و كاریگه‌رى لەسه‌ر بژێوى ژیانى خۆیان و ماڵه‌كانیان نه‌كات."

بریكارى وه‌زاره‌تى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان وتیشى"تایبه‌ت به‌و زیندانییه‌ سیاسییانه‌ى كه‌ مینحه‌یه‌ك و موچه‌ى تریان له‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هه‌یه‌ و 10 ساڵیشیان ته‌واو كردوه‌ پاش پرۆسه‌ى چاكسازى، ئه‌وانیش له‌ ڕێگاى فۆرمێكى تایبه‌ته‌وه‌ سه‌رپشك ده‌كرێن، یه‌كێك له‌ موچه‌كان هه‌ڵبژێرن بۆ وه‌رگرتن، به‌پێى یاساى ژماره‌ 11ى ساڵى 2011ی زیندانیانى سیاسى له‌ هه‌رێمى كوردستان."

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×