بەهۆی كۆرۆناوە داوا دەكرێت لە مانگی مەولوددا گردبونەوەو ئاهەنگ نەكرێت
  2020-10-18       181       

ئەنجومەنی باڵای فەتوای سەربە یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان داوا لە موسڵمانان دەكات لە مانگی مەولوددا كە یادی لەدایكبونی پێغەمبەرە، بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە گردبونەوەو ئاهەنگ نەكرێت.

ئاوێنە: ئەنجومەتی باڵای فەتوا، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"وێڕای پیرۆزباییکردنمان بە بۆنەی هاتنەوەی یادی لەدایکبونی فەخری کائینات (درودی خوای لەسەر بێت) لە خۆمان و گشت موسڵمانانی کوردستان و جیهانی ئیسلامی، لەبەر بارودۆخی ناجێگیری تەندروستی گشتی لە کوردستان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا "کۆڤید - 19" کە رێنماییە تەندروستیەکان وا دەخوازن گردبونەوە نەکرێت بۆ هیچ بۆنەیەك."

وتوشیەتی"وەك ئەنجومەنی باڵای فەتوا پێمان باشە بۆ ئەمساڵ شێوازی ئاهەنگگێڕانەکە لە گردبونەوە لە ماڵ، مزگەوت، خانەقا و تەکیەکان بگۆڕدرێت بە دەربڕینی دڵخۆشی بە بڵاوکردنەوە و هەڵواسینی لافیتە و دروشمەکان لە شوێنە گشتیەکان و هەروەها لە سۆشیال میدیا."

دەقی راگەیەندراوەکە...

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

((قل بفضل الله وبرحمته فبذلك فليفرحوا)) سورة يونس الآية:58.

وێڕای پیرۆزباییکردنمان بە بۆنەی هاتنەوەی یادی لەدایکبونی فەخری کائینات (صلى الله عليه وسلم) لە خۆمان و گشت موسڵمانانی کوردستان و جیهانی ئیسلامی، لەبەر بارودۆخی ناجێگیری تەندروستی گشتی لە کوردستان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا "کۆڤید - 19" کە رێنماییە تەندروستیەکان وا دەخوازن گردبونەوە نەکرێت بۆ هیچ بۆنەیەك.

لەو روانگەوە وەك ئەنجومەنی باڵای فەتوا پێمان باشە بۆ ئەمساڵ شێوازی ئاهەنگگێڕانەکە لە گردبونەوە لە ماڵ، مزگەوت، خانەقا و تەکیەکان بگۆڕدرێت بە دەربڕینی دڵخۆشی بە بڵاوکردنەوە و هەڵواسینی لافیتە و دروشمەکان لە شوێنە گشتیەکان و هەروەها لە سۆشیال میدیا.

ئاشکرایە کە مەولودکردن واتە دەربڕینی خۆشحاڵی و خۆشەویستی و ئەنجامدانی خێر، سەدەقە و چاکە بۆ رۆحانیەتی پیرۆزی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت)، ئاساییە ئەو سەدەقە، خێرو چاکانەش، کە موسڵمانان دەیکەن، بدرێنە هەژاران و بەشێوەی خۆی بڵاوبکرێتەوە، چونکە سەدەقە دەفعی بەڵا و موسیبەت دەکات بەپێی دەقەکانی شەریعەتی پیرۆزی ئیسلام، ئەم جۆرەش هەر بەشێکە لە کاری پیرۆزی مەولودنامە و یادەوەری لەدایکبونی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت)، خوای گەورە هاوکاری دڵسۆزانه‌.

ئەنجومەنی باڵای فەتوا

18ی10ی2020ز

1/ربیع الأول/1442 ك

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×