موچەی خانەنشینی بەشێك لە پلەباڵاكان راگیرا
  2020-10-19       998       

سكرتێری لێژنەی باڵای جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی ئاشكرای كرد كە مووچەی خانەنشینیی سەرجەم ئەو پلە باڵایانە ڕاگیراوە كە بەبێ ئەوەی پۆستەكانیان ببینن، پێی خانەنشین بوون.

ئاوێنه‌: عەبدولحەكیم خەسرۆ، سكرتێری لێژنەی باڵای جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی لە دەرماڵە و مووچە و خانەنشینی و ئیمتیازاتەكان بە میدیای پارتی راگەیاند، لە ١ی ٧ی ٢٠٢٠ەوە یاسای چاكسازی چۆتە باری جێبەجێكردنەوە، لە بابەتی خانەنشینی بڕگە و ماددەكانی بە تەواوی جێبەجێكراوە، هیچ مامەڵەیەك لە دەرەوەی یاسای چاكسازی ناكرێت، لەبارەی قەرزە بازرگانییەكانیشەوە ڕێكارەكانی بەرەو كۆتایی دەڕوات.

لە بارەتی پەیڕەوی سندوقی خانەنشینی و ئامادەكردنی ڕێنمایی ئەركەكانی سندووقی خانەنشینی، عەبدولحەكیم خەسرۆ وتی: وەزارەتی دارایی ئێستا خەریكە سندووقەكە پێكدەهێنێت. پێداچوونەوە بە پەیكەربەندی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی دەكرێت كە دەبێتە بەڕێوەبەرایەتییەكی خانەنشینی بۆ سەرجەم كەرتەكانی مەدەنی و ئەمنی و سەربازی.

راشیگەیاند، بابەتی شەهید و زیندانییانی سیاسی بابەتێكی ورد و هەستیارە و حكومەتی هەرێمی كوردستان بە وردی مامەڵەی لەگەڵ دەكات. لە ماوەی رابردوودا راگیرابوو، دوێنێ سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا مینحەی ئەو زیندانییە سیاسیانە خەرج بكرێت كە هیچ مینحە و بودجەیەكی دیكەیان نییە لە هەرێمی كوردستان.

ئاماژەشی بە یەكخستنەوەی یەكەی ژمێریاریی پێشمەرگە كرد و رایگەیاند: یەكەی ژمێریاریی وەزارەتی پێشمەرگە یەكخراوەتەوە و یەكەی لامەركەزی نەماوە، واتە یەكەی ژمێریاریی حەفتا و هەشتا نەماوە. ئەو یەكەی ژمێریارییەی وەزارەتی پێشمەرگە قابیلی پێداچوونەوەیە لە دیوانی چاودێریی دارایی و دامەزراوە چاودێرییەكانی حكوومەت.

ئاشكراشیكرد: ”هەفتەی رابردوو لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، پڕۆژەبڕیارێك دەرچوو بۆ راگرتنی مووچەی هەموو ئەو كەسانەی كە بە پلە باڵا خانەنشین كراون و پۆستەكانیان نەبینیوە. بەشێكیان خەباتگێڕ بوون، پێشتر ڕێزلێنانێكیان پێداوە، ئەم رێزلێنانە بەردەوام دەبێت بەڵام بە شێوازێكیتر و بەپێی یاسای ٣٤ی ٢٠٠٧ی ڕێزلێنانی پێشمەرگە و زێرەڤانی، ئەوانیتر هەموو ئەو خانەنشینانەی پلە باڵان و مووچەیان پێدراوە و پۆستەكانیان نەبینیوە، مووچەكانیان دەبڕدرێت،. لە ١ی ٧ەوە مووچەیان پێ نادرێت

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×