سیخوڕێکی میت لەڕۆژئاوای کوردستان دان بە تاوانەکانیدا دەنێت
  2020-10-19       1177       


لە ڕۆژئاوای کوردستان ژمارەیەکی زۆر سیخوڕ و ئەندامی دەزگای سخوڕیی دەوڵەتی تورکیا لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستگیرکراون، یەکێک لەو سیخوڕانە دان بەو کارانەیدا دەنێت، کە دژی وڵاتی خۆی ئەنجامی داوە.

ئاوێنه‌: پارێزڤان تی ڤی دانپێدانانی تۆڕێکی سیخوڕەکانی دەزگای سیخوڕیی دەوڵەتی تورکیا- میت،ی بە بەڵگە کردووە، یەکێک لەو سیخوڕانە، ‘حەسەن مستەفا حەمۆ’ـیە کە خەڵکی گوندێکی دەوروبەری ‘کۆبانێ’ـیە و سیخوڕیی بۆ میت کردووە و لە ئۆپەراسۆنێکی تایبەتی هێزەکانی ئاسیاشی ناوخۆ باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا دەستگیرکراوە.

حەسەن مستەفا حەمۆ خەڵکی گوندی بلکای کۆبانێ-ـیە، باسی ئەوە دەکات کە لە حەفلەکاندا ئامێری ئۆرگی لێداوە و ساڵی ٢٠١٣ چووەتە هەولێری باشوری کوردستان و بەهۆی ئەوەی نەیتوانیوە لەوێ بژێوی ژیانی دابین بکات، ڕووی لە تورکیا کردووە و بۆ ماوەی سێ ساڵ لە لە ئانتالیا ماوە.

ئەو سیخوڕە دەڵێت: لە پێشەوە ماڵ و منداڵم ناردەوە بۆ کۆبانێ، لە کاری بیناسازی کارم دەکرد، هەروەها لە دەعوەت و حەفلەکاندا ئۆرگم لێدەدا، کاتێک لە ڕحاوە دەچووم بۆ ئەدەنا، لە ڕێگەدا ڕاگیرام، لە تەلەفۆنەکەمدا وێنەی شەهیدانی ڕێگای ئازادی کوردستان هەبوو، بۆیە وتیان تۆ پەکەکەیت و ئازادت ناکەین، دواتر بۆ ئازادکردنی من داوای کەفیلیان کرد، کەسێک بەناوی محەمەد ئەبو عەلۆ کە خەڵکی کۆبانێیە بووبە کەفیلم.

بەپێی دانپێدانانەکەی ئەو سیخوڕە، میت داوایلێدەکات کە لەسەر ڕۆژئاوا و لە ڕێگەی ئەبوعەلۆ زانیارییان پێبدات، دوای ئەوەش بە هاوکاریی پۆلیس لە جەرابلۆسەوە دەینێرنەوە ناوچەکە و بۆ ئەوەی سیخوڕییان بۆ بکات لەوێ جێگری دەکەن، ئامانجیش کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە و هەروەها ڕفاندنی شەڕڤانانی خەڵکی باکور بووە.

حەسەن مستەفا حەمۆ لە درێژەی دانپێدانانەکەیدا دەڵێت: دوای ئەوەی گەڕامەوە بۆ کۆبانێ، بەشداری ڕیزەکانی قەسەدە بووم، محەمەد ئەبو عەلۆ تەلەفۆنی کرد و وتی چەند کەسێک هەن پێویستە تۆ بیانبەیتە ئەو دیو، تەلەفۆنی ئەو کەسانەشی دایە من، چووم و ئەو کەسانەم هەڵگرت و بردیانم بۆ سەر سنووری جەرابلوس، لە نزیک بنکەیەکی سەربازانی تورکیا، پیا و ژنێک بوون، شەڕڤانی یەپەگە بوون، ناویان عەگید و خەملین بوو، بۆ ئەو کارە ئەبو عەلۆ دوو هەزار لیرەی تورکیی بۆ من نارد، دواتر منی نارد بۆ پەڕاندنەوەی دوو کەسی دیکە، بەڵام لەوێ دەستگیرکرام.

ئەو سیخوڕە جگە لە ڕفاندن و پەڕاندنەوەی شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە، بەپێی زانیارییەکان و دانپێدانانەکەی خۆی، زۆر کاری دیکەشی کردووە، زۆر زانیاریی هەواڵگیریی لەسەر ناوچەکە گەیاندووەتە دەستی میتی تورک و خۆی وەها باسی دەکات: داوای وێنەی چەندین شوێن و ئۆتۆمبێلی سەربازییان کرد، منیش وێنەی هەندێک لە شوێنەکانی ئاسایش و دامەزراوەکانیم نارد.

حەمۆی سیخوڕ بەم شێوەیە پەشیمانی خۆی لە کارەکانی دەردەبڕێت و دەڵێت: هەڵەیەکی زۆر گەورەم کرد، کێ لێرە ئەو کارە دەکات، داوای لێدەکەم با نەکەونە ناو هەڵەیەکی گەورەوە، داواشی لەو کەسانە کرد کە کەوتوونەتە داوی تۆڕە سیخوڕییەکانی میت کە دەستوبرد لەم هەڵەیە بگەڕێنەوە و نەکەونە ناو تۆڕی خیانەت.

 
ڕۆژنیوز

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×