یەکەم گەشتی بازرگانی لە ئیماراتەوە بۆ ئیسرائیل ئەنجامدرا
  2020-10-19       588       

فڕۆکەی هێڵی ئاسمانیی ئیتیحاد-ی ئیماراتی کە لە ئەبو زەبیەوە دەستی بە گەشت کرد لە فڕۆکەخانەی بن گوریۆن لە تەل ئەبیب، نیشتەوە.

ئاوێنه‌: دوای ئەوەی رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان واژووکرد، یەکەم گەشتی بازرگانیی لە ئیماراتەوە بۆ ئیسرائیل ئەنجامدرا.

فڕۆکەی هێڵی ئاسمانیی ئیتیحاد-ی سەربە ئیمارات کە لە ئەبو زەبیەوە دەستی بە گەشت کرد لە فڕۆکەخانەی بن گوریۆن لە تەل ئەبیب، نیشتەوە.

لە کاتێکدا لەو گەشتە بازرگانییەدا کە یەکەم گەشتە لە ئیماراتەوە بۆ ئیسرائیل ئەبجام بدرێت ٥٨ سەرنشین هەبوو، فڕۆکەکە لە فڕۆکەخانەی بن گوریۆن بە مەڕاسیمێک پێشوازیی لێکرا.

کاپتنی فڕۆکەکە، ساڵح عەبدوڵڵا لە رێوڕەسمی پێشوازیکردنەکەدا، ئاماژەی بەوە کرد کە دڵخۆشن بە بوونیان لە ئیسرائیلدا.

ساڵح عەبدوڵلا هیوای خواست گەشتەکە دەستپێکی پەیوەندی باش بێت لەنێوان ئیمارات و ئیسرائیلدا و وتی: ''ئەگەر پێش مانگێک بە منیان بوتایە لە تەل ئەبیب وتار دەدەیت، دەمگوت ئەوە روونادات. پیاوانی بوێرمان هەیە کە باوەڕیان بە ئاشتییە، محەمەد بن زاید و بێنیامین ناتانیاهو هەن. لە سایەی کاری هاوبەشی ئەوانەوە خاوەنی ئاشتیین''.

لە گەڕانەوەیدا بۆ ئیمارات، فڕۆکەکەی ئیتیحاد گرووپێک لە بازرگانانی ئیسرائیلی، شارەزایانی گەشت و گوزار و رۆژنامەنووسانی بەرەو ئەبو زەبی گواستەوە.

چاوەڕوان دەکرێت سبەی ئیسرائیل و ئیمارات رێککەوتنێکی نوێ واژوو بکەن بۆ ئەنجامدانی ٢٨ گەشتی بازرگانیی لە هەفتەیەکدا لەنێوان تەل ئەبیب-ئەبو زەبی و تەل ئەبیب-دوبەی.

لە رێوڕەسمێکدا کە لە ١٥ی ئەیلوول لە کۆشکی سپی سازکرا، رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات واژووکرا.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×