"بۆ هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنی شنگال" كەسایەتی و سەرۆك هۆزەكانی قەزاكە لە بەغدان
  2020-10-19       1134       
بەغدا/ تشرینی یەكەمی 2020/ كۆبونەوەی وەفدێكی شنگال لەگەڵ دەوڵەتی یاسا فۆتۆ: ئیسماعیل ئیبراهیم

خەڵكی شنگال، هەوڵەكانیان چڕكردۆتەوە بۆ ئەوەی رێككەوتنی نێوان هەردو حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر شنگال جێبەجێنەكرێت، بۆ ئەو مەبەستەش وەفدێك لە كەسایەتیی و سەرۆك هۆزەكانی قەزاكە لە بەغدان.

ئاوێنە، كەركوك ناو: ئەو وەفدە كە لە 13 ئەندام پێكهاتون و ماوەی هەفتەیەكە لە كۆبونەوە و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە عیراقییەكان بەردەوامن، داوای رێككەوتنی نوێ دەكەن لە نێوان ئیدارەی شنگال و پارێزگای نەینەوا.

فارس حه‌ربۆ، یه‌کێک له‌ ئه‌ندامانی وەفدەكە به‌ (که‌رکوک ناو)ی وت "له‌ هه‌مو دانیشتنه‌کاندا گفتۆگۆی رێککه‌وتنی به‌غداو حکومه‌تی هه‌رێممان كردوە، گله‌یی و ناڕەزایی خه‌ڵکی شنگالمان گه‌یاندوه‌و داوامانكردوە ئەو رێككەوتنە جێبەجێنەكرێت."

وتیشی"ئه‌و رێککه‌وتنه‌‌ لە خزمه‌تی خه‌ڵکی شنگالدا نییه‌، به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ هه‌مو ئه‌و هێزو لایه‌نانه‌ی لەگەڵیاندا كۆبوینەتەوە، هه‌مان هه‌ڵوێستی ئێمه‌یان هه‌بوەو ناڕازین له‌و رێککه‌وتنه‌... پشتگیریمان دەكەن و ده‌یانه‌وێت پێداچونه‌وه‌ به‌ ناوه‌ڕۆکی رێککه‌وتنه‌کەدا‌ بکرێت."

رێككه‌وتنی هه‌ردو حكومه‌تی فیدراڵی عیراق و هه‌رێمی كوردستان، له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌دا واژوكراوه‌ بۆ پێكهێنانی ئیداره‌یه‌كی نوێ و رێكخستنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی ئه‌منی قه‌زای شنگال.

وەفدەكەی شنگال، لەگەڵ هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، هاوپەیمانێتی نەسر، هادی عامری، سەرۆكی رێكخراوی بەدر و ژمارەیەك لێپرسراوی حكومیی و ئەمنی كۆبونەوەو بڕیارە چەند كۆبونەوەیەكی تریش بكەن.

فارس حەربۆ، وتی"شنگال له‌ڕوی ئیدارییه‌وه‌ سەر به‌ پارێزگای نه‌ینەوایە، دەمانەوێت رێککه‌وتنێکی تر له ‌نێوان خه‌ڵکی شنگال و پارێزگای نه‌ینه‌واو به‌غدا واژوبکرێت، به‌بێ هه‌رێمی کوردستان، ئه‌وکات هه‌مومان پشتگیری له‌ رێککه‌وتنه‌که‌ ده‌که‌ین."

وەفدەكەی شنگال بە نیازبون لەگەڵ مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق كۆببنەوە، بەڵام كازمی بەسەردانێك چوە دەرەوە وڵات.

فارس حەربۆ، وتی"چه‌ند داواکارییه‌کمان پێشکه‌شی نوسینگه‌ی سه‌رۆک وه‌زیرانی عیراق كردوە... دیدارمان ده‌بێت له‌گەڵ مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌کانی عیراق و چه‌ند لایه‌نێکی تر، هه‌مو لایه‌ک دڵنیاده‌که‌ینه‌وه‌ رێککه‌وتنه‌که‌ی هه‌رێم و به‌غدا جێبه‌جێناکرێت و کۆمه‌ڵێک گوڕانکاری له‌ رێککه‌وتنه‌که‌ ده‌کرێت له‌ ئاینده‌دا هه‌مو شتێک ئاشکرا ده‌بێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×