پارێزگای هەولێر: رێنماییەكان جێبەجێ نەكرێن بیر لە رێگای توندتری خۆپارێزی دەكەینەوە
  2020-10-19       668       

ژوری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، ئەگەر رێنماییە تەندروستییەكانی خۆپارێزی لە كۆرۆنا جێبەجێ نەكرێن، ئەوا دۆخەكە سەختتر دەبێت و ناچارن بیر لە ریگای توندتری خۆپارێزی بكەنەوەو دەشڵێت: دەشڵێت: ئەمساڵ بە بۆنەی یادی لەدایكبونی پێغەمبەرەوە رێوڕەسمی خوێندنەوەی مەولودو بەخشینەوەی شیرینی و سازدانی ئاهەنگی خۆشی ئەنجام نادرێت.

ئاوێنە: ژوری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا چەند بڕیارو رێكارێكی نوێی بۆ بەرەنگاربونەوەی كۆرۆنا بڵاوكردەوە.

لە رێكارەكاندا هاتوە كە بە بۆنەی یادی لە دایكبونی پێغەمبەری ئیسلامەوە، ئەمساڵ بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ڕێکارەکانی خۆپارێزی لەم نەخۆشییە، بەپشتبەستن بە فەتوای لێژنەی باڵای فەتوا لەهەرێمی کوردستان، داوا لەهاوڵاتییانی سنوری پارێزگای هەولێر دەکەن، تەنها بە ڕازاندنەوە و دروشم و پیرۆزبایی ئەم یادە مەزنە بەرزڕابگرن، هیچ جۆرە گردبونەوەو کۆبونەوەیەکی فراوان و رێوڕەسمی خوێندنەوەی مەولود لە(مزگەوت، تەکیە، ناوسەنتەری شار، ژێر قەلات)و شوێنە جیاجیاکان بەڕێوەناچێت و مەڕاسیمی تایبەت و بەخشینەوەی شیرینی و سازدانی ئاھەنگی خۆشی بەبۆنەیەوە ئەنجامنادرێت.

جەختیشی كردۆتەوە كە هەر فەرمانبەرێک لەکاتی دەوام (دەمامک)ی نەبەستبێت رێکاری کارگێری لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر. 

ژوری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر، هۆشداریشی داوە كە مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبن و ژمارەی گیانلەدەستدان و مردن بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە لەزیادبوندایەو وتوشیەتی"ئەگەر ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەکان جێبەجێنەکرێن، دۆخەکە لەوەی کە هەیە سەختر دەبێت، ئەوکات بەناچارییەوە دەبێت بیر لەڕێگای توندتری دیکەی خۆپارێزی بکەینەوە.

دەقی راگەیەندراوەكە...

ڕاگەیەندراوێک لە ژوری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر

دوابەدوای کۆبونەوەی لێژنەی باڵای ڕوبەروبونەوەی ڤایرۆسی کۆرنا، نیوەڕۆی ئەمڕۆ دوشەمە 2020.10.19، بەسەرپەرشتی د.فەرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر و بەئامادەبونی  ئەندازیارعەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، ژوری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆبوەوەو کۆبونەوە گەیشتە ئەم بڕیارانەی لای خوارەوە:

یەکەم/ پارێزگاری هەولێر، بڕیاریدا بەدابینکردنی (100) هەزار (دەمامک) لەسەر ئەرکی پارێزگای هەولێر، بۆ بەشێک لەدام و دەزگاکانی پۆلیس و هاتوچۆ و فەرمانگەکان، کە لەبەیانییەوە دەست بەدابەشکردنی دەکرێت.

دوەم/ هاوڵاتییان و هاوشاریانی خۆشەویستی سنوری پارێزگای هەولێر ئاگادار دەکەینەوە، ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو قۆناغەدا مەترسیدارەو لە تەشەنکردندایە، بۆیە داواکارین لە هەمولایەک پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان بن بەگشتیی و بەتایبەتی بەستنی (دەمامک).

سێیەم/ سەرجەم بازاڕو شوێنە گشتییەکان (مۆڵ، مارکێت، مینی مارکێت، دوکان) ئاگاداردەکەینەوە، پابەندبن بە جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان و بەستانی (دەمامک) بۆ کرێکاران، خاوەن دوکان، فرۆشیاران، ئەو هاوڵاتیانەشی سەردانییان دەکەن، بەپێچەوانەوە تیمەکانی قایمقامیەت و ناحییەو شارەوانییەکان ڕادەسپێردراون هەر شوێنێک پابەندنەبێت، بەپێی بڕیاری لێژنەی باڵای ڕوبەڕوبونەوەی کۆرۆنا، ڕێکاری یاساییان لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.

چوارەم/ داوا لەمامۆستایان و پیاوانی ئاینی و یەکیتی زانایانی ئاینیی پیرۆزی ئیسلام دەکەین، هەر وەک چۆن لە ڕابردودا هاوکارمان بونە، بەهەمانشێوە هاوکارمانبن بۆ هۆشیارکردنەوەی نوێژخوێنان کەپابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکانبن و بەهیچ شیوەیەک ڕێگە بەخۆیان نەدەن بەبێ بەستنی (دەمامک) بڕۆنە ناو مزگەوت و شوێنە ئایینییەکان.

پێنجەم/ کۆبونەوە وێڕای ئەوەی یادی پڕشکۆی لەدایکبونی پێغەمبەری ئیسلام (محەمەد)(د. خ) بەرزو پیرۆز نرخاند، تەئکیدی لەوە کردەوە کە هەولێری پایتەخت ساڵانە بەجیاواز لەهەمو جیهان، پێشەنگ بوە لە پێشوازيی یادی لەدایکبونی پێغەمبەری ئیسلام، (محەمەد) درودی خوای لێبێت و بە شانازییەوە ئەو یادە مەزن و پڕشکۆیەی بەڕێورەسم و شێوەو شێوازێک کردۆتەوە کە لەئاست گەورەیی یادەکە بوە، بەڵام بۆ ئەمساڵ بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ڕێکارەکانی خۆپارێزی لەم نەخۆشییە، بەپشتبەستن بە فەتوای لێژنەی باڵای فەتوا لەهەرێمی کوردستان، داوا لەهاوڵاتییانی سنوری پارێزگای هەولێر دەکەین، تەنها بە ڕازاندنەوەو دروشم و پیرۆزبایی ئەم یادە مەزنە بەرزڕابگرن، هەمو جۆرە گردبونەوەو کۆبونەوەیەکی فراوان و رێوڕەسمی خوێندنەوەی مەولود لە(مزگەوت، تەکیە، ناوسەنتەری شار، ژێر قەلات)و شوێنە جیاجیاکان بەڕێوەناچێت و مەڕاسیمی تایبەت و بەخشینەوەی شیرینی و سازدانی ئاھەنگی خۆشی بەبۆنەیەوە ئەنجامنادرێت.

شەشەم/ سەرجەم فەرمانبەرانی فەرمانگەکان ئاگاداردەکەینەوە دەبێت (دەمامک) ببەستن، هەر فەرمانبەرێک لەکاتی دەوام (دەمامک) نەبەستبێت رێکاری کارگێری لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر، هەروەها هیچ هاوڵاتییەک بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکانی بۆی نییە بەبێ بەستنی (دەمامک) بچێتە ناو هیچ فەرمانگەیەک.

حەوتەم/ داوا لەسەرجەم قوتابیان و خوێندکارانی ئازیزی سنوری پارێزگاکەمان و کەسوکارەکانیان دەکەین، بۆ پاراستنی سەلامەتی و تەندروستی خێزانەکانیان، لەکاتی چونی ڕۆڵەکانیان بۆ قوتابخانەو خوێندنگاکان، ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی جێبەجێبکەن و (دەمامک) ببەستن.

هەشتەم/ هاوڵاتییان و هاوشاریانی خۆشەویست ئاگادار دەکەینەوە، مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبێت و ژمارەی گیان لەدەستدانی ئازیزان و مردن بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە لەزیادبوندایە، بۆیە ئەگەر ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەکان جێبەجێنەکرێت، دۆخەکە لەوەی کە هەیە سەختر دەبێت، ئەوکات بەناچارییەوە دەبێت بیر لەڕێگای توندتری دیکەی خۆپارێزی بکەینەوە.

ژوری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر
2020.10.19

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×