سوپای عێراق ئۆپەراسیۆنێکی بۆ پاکردنەوەی داعش لە نزیک موسڵ ئەنجامدا
  2020-10-21       419       
سوپای عێراق ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی لە نزیک موسڵ ئەنجامدا بۆ پاککردنەوەی ناوچەکە لە چەکدارانی داعش، بەڵام دوای چەند رۆژێک لە ئۆپەراسیۆنەکە و بڕینی دار و دەوەنی ناوچەکە، دەرکەوت چەکدارانی داعش لەو شوێنە نەماون.

ئاوێنه‌: ئۆپەراسیۆنەکەی سوپای عێراق بۆ پاککردنەوەی دوورگەکانی ناوچەی کانۆس بوو لە پاشماوەکانی گرووپە چەکدارەکانی داعش، کە کۆمەڵێک دوورگە بچووکن لەسەر رووباری دیجلە، دەکەونە نزیک گوندی کانۆس لە باشووری موسڵ. ئەو ناوچەیە لەلایەن چەکدارانی داعش وەکو ناوەندی دابەشکردنی ئەو چەکدارانەیان کە لە سووریاوە دەھاتن، بەکاردەھێنرا.

بەپێی زانیارییەکانی سوپای عێراق، چەکدارانی داعش ئەو ناوچەیان وەک حەشارگەیەکی ئارام بۆ خۆیان و پەناگەیەک بە سوودوەرگرتن لە چڕیی دار و دەوەن بەکاردەھێنا.

لیوا ئیسماعیل ئەلمەحلاوی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا دەڵێ "بە چەند یەکەیەکی ھاوبەشی ھێزەکانی عێراقی ئۆپەراسیۆنەکەمان ئەنجامداوە. دەستمان بەو ئۆپەراسیۆنە کرد لە دوورگەکانی کانۆس بۆ پاککردنەوەی ئەو ناوچانە لە تیرۆریستانی داعش، کە دار و دەوەنی ئەو ناوچەیەیان بەکاردەھێنا بۆ خۆحەشاردان و ھێرشەکردنە سەر گوندەکانی دەوروبەر".

ئەلمەحلاوی ھەروەھا دان بەوەدا دەنێت ئەوان خۆیان بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی گەورە ئامادەکردبوو و بە ھەوڵێکی زۆرەوە چوونەتە ناوچەکە، بەڵام "داعش لەو ناوچانە نەماوە". دەشڵێ "ھەموو دەوەن و دارێک، کە داعش وەک پەناگە و حەشارگە بەکاریدەھێنن، لایان دەبەین".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×