هێزەكانی توركیا بۆردومانەكانیان بۆ سەر چەند ناوچەیەكی رۆژئاوای كوردستان چڕكردۆتەوە
  2020-10-21       585       

سوپای توركیاو میلیشیا هاوپەیمانەكانی بۆردومانەكانیان بۆ سەر گوندەوارەكانی رۆژئاوای گرێ سپی و هەروەها عەین عیسا لە رۆژئاوای كوردستان چڕكردۆتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ئەمڕۆ چەند هێرشێكیان لەناوچەی عەین عیسا لەلایەن شەڕڤانانەوە تێكشێنراون.

ئاوێنە: بەگوێرەی میدیا ناوخۆییەكانی رۆژئاوای كوردستان، ئەمشەو چوارشەممە سوپای توركیاو چەكدارە هاوپەیمانەكانی بۆردومانەكانیان بە موشەك بۆ سەر چەند گوندەكانی "سوفیان، خربە بەقر، كور حەسن" لە رۆژئاوای گرێ سپی چڕكردۆتەوەو بۆردومانەكانی ماڵی هاوڵاتیانی مەدەنی و خاڵەكانی هێزەكانی حكومەتی سوریای لەو گوندانە كردۆتە ئامانج.

ئێوارەی ئەمڕۆش هێزەكانی سوپای توركیاو چەكدارە هاوپەیمانەكانی بۆردومانی گوندەكانی "سلیب، حوڕیە، بیر عەرەب و جەرن"یان لە رۆژئاوای گرێ سپی كردوە.

هەروەها ئاماژە بەوەشدراوە كە ئێوارەی ئەمڕۆ هێزەكانی سوریای دیموكرات، هێرشێكی سوپای توركیاو چەكدارە هاوپەیمانەكانی ئەو سوپایەیان بۆ سەر گوندی "فاتسە" لە رۆژهەڵاتی عەین عیسا تێكشاندوەو شەڕڤانان بنكەیەكی هێزەكانی توركیایان لە نزیك شەڕەكە خاپوركردوەو ئاگریان تێبەرداوە.

هەروەها هێماش بۆ ئەوە كراوە كە دوای ئەوەی هێزەكانی توركیا سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، هێرشەكانیان بۆ سەر گوندی "دبس" لە عەین عیسا تێكشكێنراوە، دوای ئەوە دەستیان كردوە بە بۆردومانی گوندەكە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×