سیخوڕێکی ڕاسپێردراو بۆ تیرۆری "ئاڵدار خەلیل" و "ساڵح موسلیم" دەستگیرکرا
  2020-10-22       1262       

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا(رۆژئاوای كوردستان) لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا سیخوڕێکیان دەستگیرکرد، کە لەلایەن دەزگای هەواڵگریی میتی تورکیاوە بۆ تیرۆرکردنی سیاسەتمەدارانی پەیەدە ئاڵدار خەلیل و ساڵح موسلیم ڕاسپێردراوبو.

ئاوێنە: بەپێی میدیا لۆكاڵییەكانی رۆژئاوای كوردستان، لەماوەی ڕابردودا لەئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، چەندین تۆڕی سیخوڕی دەستگیرکراون، کە لە بەرامبەر پارەدا، کاری سیخوڕییان بۆ دەزگای هەواڵگریی میتی تورکیا کردوە، لەم چوارچێوەیەدا سیخوڕێک دەستگیر کراوە، کە ئامادەکاریی بۆ تیرۆرکردنی ئاڵدارخەلیل و ساڵح موسلیم دەکرد.

سیخوڕێک بەناوی (س . ع.) تەمەن ٥٥ساڵ، کە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەستگیرکراوە، دانی بە چەندین پیلانی مەترسیداردا ناوە، کە لەلایەن میتی تورکەوە بۆیان داڕێژراوە.

س.ع. لە سەرەتاکانی شۆڕشی رۆژئاوای كوردستاندا لەنێو ڕیزەکانی ئاسایشدا بوەو دواتر دەبێتە شۆفێری هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوبەریی، ئەو سیخوڕە دانی بەوەدا ناوە، دوای شەڕی سەرێکانی، چاوی بە سیخوڕەکانی میتی تورکیا کەوتوەو داوایان لێکردوە، کە کاری سیخوڕییان بۆ بکات.

س.ع. لە دانپێدانانەکانیدا ئاشکرای کردوە، کە کەسێک بە ناوی ب.ئ. تەمەن ٥٠ساڵ لە سەرێکانی کاری سیخوڕیی و تیرۆر کردنی بۆ دەزگای میتی تورک کردوەو هەتا ئێستاش بەردەوامە لە سیخوڕییکردن.

ئەو سیخوڕە هەروەها ڕایگەیاندوە کە ب.ئ. داوای لێکردوە، لەسەر شوێنی مانەوەی ئاڵدار خەلیل ئەندامی کۆنسەی بەڕێوبەریی پەیەدەو ساڵح موسلیم، زانیارییان بۆ بنرێت، هەروەها لەسەر شوێن و ناوەندەکانی خۆبەڕێوبەریی دیموکراتیک و خاڵەکانی هێزەكانی سوریای دیموكرات بە "جی پی ئێس" شوێنەکانیان ئاشکرا بکات.

هێزەکانی ئاسایش لە ئۆپەراسیۆنەکەیاندا هاوكات دەستیان بەسەر تەلەفۆنێکی  س.ع. دا گرتوە، کە تێیدا دیمەنێک هەبوە کە بۆ میتی هەناردوەو لە ژێریدا نوسیویەتی “پێش ئەوەی بۆردومانی بکەن ئاگادارم بکەنەوە، کە لەو شوێنە دور بکەومەوە”.

س.ع. لە دانپێداننانەکانیدا ئاشکرای کردوە، کە سێخوڕێکی دیکە بە ناوی ئەبو .ئ. کە بازرگانی جگەرەی قاچاخ و ئۆتۆمبیل بوە لە تورکیا، کەسێکی بەناوی ئەبو.ئ، لە زورگان بۆ لای ئەو ناردوە  و بڕێک پارە و تەلەفۆن و سیمکارتێکی تورکی و بڕێک پارەی ڕادەست کردوە، پاشان ئەبو. ئ لە سەر ئەو سیمکارت و تەلەفۆنە پێوەندی پێوە کردوە و پێی ڕاگەیاندوە، بۆئەوەی کەس نەتوانێت چاودێریی ئەو بکات، دەبێت ئەو تەلەفۆنە بەکار بێنێت و ئەو بڕە پارەشیان وەک پاداشت بۆی بەڕێکردوە.

س.ع.، هەر وەها ئاشکرایکردوە، کە سیخوڕی میت ئەبو.ئ، لەڕێی تەلەفۆنەوە راهێنانی داوەتێ کە چۆن بتوانێت بە "جی پی ئێس" شوێنی سیاسەتمەدارانی ڕۆژئاوای کوردستان و خاڵەکانی هەسەدەیان بۆ ئاشکرا بکات.

بەوشێوازە سیخۆڕی میت س.ع. بەردەوام زانیاریی لەسەر خاڵەکانی هەسەدە و شوێنی مانەوەی سیاسەتمەدارانی ڕۆژئاوای کوردستانی بۆ میت بەڕێ کردوە.

تاکو ئێستا چەندین شۆڕشگێڕ و سیاسەتمەداری کورد بەم شێوازە تیرۆر و شەهید کراون.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×