دوایین دیبەیتی ترەمپ و بایدن؛ چەندین تۆمەتیان ئاڕاستەی یەكدی كرد
  2020-10-23       792       

لە دوایین دیبەیتی نێوانیاندا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكاو جۆ بایدن-ی ركابەری بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەو وڵاتە، چەندین تۆمەتیان ئاڕاستەی یەكدی كرد لەبارەی چەند پرسێكەوە.

ئاوێنە: سەرەتای دیبەیتەكە كە زیاتر لە 90 خولەكی خایاند، بە مشتومڕی نێوان دو ركابەرەكە لەبارەی قەیرانی كۆرۆنا دەستی پێكرد. ترەمپ بەرگری لەوە دەكرد كە بە باشی ئیدارەی قەیرانەكەی داوەو رایگەیاند، رێكارەكانی ئیدارەكەی هاوكاربون لە كەمكردنەوەی ژمارەی مردواندا. 

بەڵام بایدن ئیدارەكەی ترەمپ-ی تۆمەتباركرد بەوەی لە بایەخی قەیرانەكەی كەمكردۆتەوەو وەك پێویست بەرپرسیارێتی هەڵنەگرتوە.

بایدن جەختی كردەوە كە لەدوای مردنی زیاتر لە 220 هەزار ئەمریكی بەهۆی كۆرۆناوە، نابێت چیدی ترەمپ بەردەوام بێت لە پۆستی سەرۆكایەتی ئەمریكا.

لەوەڵامدا ترەمپ، رایگەیاند، سیاسەتەكانی چەندین كەسی رزگاركردوە لە مردن بە كۆرۆنا و باسی لەوە كرد كە لە چەند هەفتەی ئایندەشدا ڤاكسینی كۆرۆنا ئامادە دەبێت لەگەڵ ئەوەی هیچ گەرەنتییەكی لەوبارەیەوە نەخستەڕو.

هەروەك سەرۆكی ئەمریكا ركابەرە دیموكراتەكەی بەوە تۆمەتباركرد كە هەوڵی سەپاندنی قەدەغەی تەواوەتی لە وڵات دەدات.

هەردو كاندیدەكە چەند تۆمەتێكی پەیوەست بە داراییشیان دایە پاڵ یەكدی. ترەمپ وتی: بایدن پارەی لە روسیا وەرگرتوەو لەبەرامبەریشدا بایدن ئەوەی وروژاند كە ترەمپ لە چین هەژماری بانكی هەیە.

لەبارەی ئەو قسانەی باس لە دەستوەردانی هەندێك وڵات لە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئەمریكادا دەكەن، بایدن بەڵێنی دا كە لەكاتی سەركەوتنیدا بۆ سەرۆكایەتی ئەمریكا، ئەو وڵاتانە باجی دەستوەردانەكانیان بدەن.

هەروەك بایدن لە بەشێكی دیكەی دیبەیتەكەدا باسی لەوە كرد كە لە دامەزراوەكانی ئەمریكادا رەگەزپەرستی هەیەو دۆناڵد ترەمپ-یشی تۆمەتباركرد بەوە كە یەكێكە لە رەگەزپەرستترین سەرۆكەكان لە مێژودا.

بەڵام ترەمپ نكۆڵی لەوە كردو رایگەیاند، هیچ كەس هێندەی ئەو كاری بۆ ئەفریقییە ئەمریكییەكان نەكردوە.

هەروەها ترەمپ بەرگری لە سیاسەتەكانی ئیدارەكەی كرد لەپەیوەست بە ژینگەوەو رایگەیاند، ئەمریكای لە رێككەوتنی پاریس دەربارەی گۆڕان لە كەشوهەوادا كشاندۆتەوە چونكە رێككەوتنێكی نادادپەروەرانەیەو چەندین هەلی كاری ئەمریكی لەنێو دەبات.

بەڵام بایدن باسی لەوە كرد كە بەرزبونەوەی پلەی گەرما هەڕەشەیەكی جەوهەرییە بۆ سەر جیهان و پلانی تایبەتی ئەو لەسەر پرسی گۆڕان لە كەشوهەوادا، چەند هەلێكی كار لە بواری كەرتی ژینگەدا دەخولقێنێت. 

دیبەیتەكەی ئەمجارە كە دوایین دیبەیتی نێوان دو ركابەرەكەبو، زیاتر رێكخراو بو لەچاو دیبەیتی پێشوی نێوانیاندا.

بەپێی قسەی شارەزایان پێناچێت هیچیان براوەی دیبەیتەكە بوبن، بەڵام لە پەیوەست بە ماوەی قسەكردنەوە، ترەمپ بەسەر بایدن-دا زاڵ بو.

بەپێی كەناڵی سی ئێن ئێن، ترەمپ بۆ ماوەی 41 خولەك قسەی كردوە لەكاتێكدا بایدن بۆ ماوەی 37 خولەك و 53 چركە لە دیبەتەكەدا قسەی كردوە.

دیبەیتەكە كە لە شاری ناشفیڵ لە ویلایەتی تینیسی بەڕێوەچو، 12 رۆژ بەر لە رۆژی دەنگدان دێت كە تاوەكو ئێستا بەپێی راپرسییەكان جۆ بایدن لەپێش ترەمپ-ەوەیە.

تاوەكو ئێستا لە دەنگدانی پێشوەختدا 42 ملیۆن ئەمریكی دەنگیانداوەو رۆژی 3ی تشرینی دوەمیش دەنگدانی گشتی لە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئەمریكادا بەڕێوەدەچێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×