سلێمانی..هۆشداری دەربارەی درێژەدان بە خوێندن لە خوێندنگە تایبەتەکان دەدرێت
  2020-10-23       1051       

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی رایگەیاند، زانیارییان پێگەیشتوە لە بەشێک لە خوێندنگە تایبەتەکان درێژە بە خوێندن دەدرێت بەبێ رەچاوکردنی هیچ رێنماییەکی خۆپارێزی.

ئاوێنە: د. پشدەر عەبدوڵا بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان لە نوسراوێكدا كە ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی كردوە هۆشداری داوەو رایگەیاندوە"لە هەندێک لە خوێندنگە تایبەتەکان بە بێ رەچاوکردنی رێنماییە خۆپارێزییەکان درێژە بە خوێندن دەدرێت، تەنانەت لەکاتی دەرکەوتنی نیشانەی پەتای وەزری و کۆرۆناش منداڵەکان پشویان پێنادرێت و بەردەوام دەبن لە خوێندن".

ئاماژەی بەوەشکردوە، لەگەڵ داخستنی هیچ خوێندنگەیەک نین، بەڵام بە مەرجی پابەندبون بە رێنماییەكانەوە.

هەروەها لە نوسراوەكەدا كۆمەڵێك رێنمایی خراونەتەڕو بۆ ئەوەی خوێندنەگەكان پێوەی پابەندبن لەوانە: بونی هەواگۆڕكێ لە هۆڵەكانی خوێندندا، فێركردنی منداڵان كە دوای هەمو وانەیەك دەستیان بشۆن و هەروەها ماسك ببەستن و دەست لە دەم و چاو و لوتیان نەدەن.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكە داواشی لە تەندروستی سلێمانی كردوە لە رێگای لیژنەكانیانەوە چاودێری دۆخی خۆپارێزی لە خوێندنگاكاندا بكەن و لەحاڵەتی پابەندنەبوندا ئەو خوێندنگایانە سزابدرێن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×