کەلار؛ بۆئەوەی خانوەکەی نەڕوخێنن، ژنێک هەوڵی خۆسوتاندن دەدات
  2020-10-24       1211       

ئا: ئەیاد محەمەد

لەکەلار ژنێک بۆ ئەوەی خانوەکەی نەڕوخێنن هەوڵی خۆسوتاندن دەدات بەڵام پۆلیسی گەرمیان و نەخۆشخانەی فریاکەوتن ڕەتی دەکەنەوە ڕوداوی واهەبێت و مێردی ژنەکەش سکاڵا تۆماردەکات، ئاوێنە وردەکاری ڕوداوەکە دەخاتەڕو.

بەیانی ئەمڕۆ شەممە دەنگۆی خۆسوتاندنی ئافرەتێک لەگەڕەکێکی قەزای کەلار بەناوی گەڕەکی حەمرین بڵاوبوەوە کە گوایە لەکاتی هەوڵدان بۆ ڕوخاندنی خانوەکەی لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار ئاڵۆزی دروست بوەو خۆی سوتاندوە.

لەو بارەیەوە ئاوێنە پەیوەندی بە ئەکرەم ساڵح سەرۆکی شارەوانی کەلارەوە کردو بە ئاوێنەی ڕاگەیاند"کۆمەڵێك خانوی تەجاوز دروستکراوە، بەشێکی خەڵک ئەڵێن پارە دراوەو ڕەشوە دراوە  دروست دەکرێن، بەشێکیتر ئەڵێن بازرگانیان پێوە دەکرێت و خەڵکی هەژار بەکاردەهێنن بۆئەوەی خانوی تەجاوزی پێبکەن بە بڕێک پارەی کەم، ئەمانە هەموی بەڕاپۆرت ڕۆشتونەتە قایمقامیەتی قەزای کەلار."

وتیشی"بەپێی یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2018 یاسای لابردنی زیادەڕەویی تیمەکان ڕۆشتنەتە ئەوێ بۆ ئیجرائات کردن، بێ توندوتیژی و بێ هیچ شتێک، خاوەن ماڵیان بانگکردوە کە فەرمانی ڕوخانی ئەم خانوە هەیە کە بەزیادەڕەوی دروستکراوە."

سەرۆکی شارەوانی کەلار ڕونیکردەوە"دواتر مەرحەلە یەک ڕۆشتون دیارە خەڵک لەوێ ناڕەزایەتی دەربڕیوە، بۆیە تیمەکان گەڕاونەتەوە."

سەبارەت بەخۆسوتاندنی ئافرەتێک لەو جێگایە، سەرۆکی شارەوانی کەلار ڕایگەیاند"منیش تەنها لەڕاگەیاندنەوە ئەوەم بینیوە، لەتیمەکانم  پرسیوە ڕایانگەیاند، کە ئەوان نەیانبینیوە حاڵەتی خۆسوتاندن، ئەگەر شتی وا بوبێت ڕەنگە لەدوای ئەوانەوە حاڵەتی وا دروست بوبێت، چونکە ئەوەی ڕۆشتوەتە ئەوێ بێ توندوتیژی ڕۆشتوەتە ئەوێ بەبێ ئەوەی پۆلیسێک یان کارمەندێکی شارەوانی یان ئەو تیمەی کە ڕاسپێردراون بچوکترین توندوتیژی بکەن هەرواشمان پێوتون."

هێمای بۆئەوەشکرد"ئەگەر خۆیان هاوکار نەبن بۆ ڕوخاندنەکە، دواتر لەڕێگای دادگاوە بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، ئێمە مەبەستمان نیە هیچ کاتێک خانوی کەسێکی هەژار بڕوخێنین و زۆریش هاوکاربوین ئەوانەی کە کەم دەرامەتن هاتون داوای نۆژەنکردنەوەی خانوەکانیان کردبێت ئەوپەڕی ئاسانکاریان بۆ دەکەین بەس نەک ئەمە ببێتە دیاردە کە کۆمەڵێک خەڵک وەک بازرگانیکردن هەستن خەڵکی  فەقیر بەکاربهێنن و خانویان پێدروست بکەن لەپێناو مەبلغێک پارە."

ئاوێنە بۆ ڕاستی هەواڵی خۆسوتاندن یان هەوڵی خۆسوتاندنی ئافرەتەکە بەدواداچونی بۆئەم بابەتە کرد، سەرچاوەیەک بە ئاوێنەی ڕاگەیاند سەرلەبایەنی ئەمڕۆ کاژمێر 10 ئافرەتێک هاتوتە نەخۆشخانەی شەهید هەژار کە هەوڵی خۆسوتاندنی داوە، بەڵام لەبەرامبەردا دکتۆر کاوە محەمەد بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لەکەلار رەتی دەکاتەوە کە بابەتێکی لەوجۆرە هەبێت.

هاوکات پۆلیسی گەرمیان بەهەمان شێوەی بەڕێوەبەری فریاکەوتنی شەهید هەژار ڕەتی دەکاتەوە بابەتێکی لەوشێوەیە هەبێت، مقدەم عەلی جەمال قدوری بەئاوێنەی ڕاگەیاند "شتی وانیە."

ئاوێنە لەبەدوادا چونەکانی بەردەوام بو بۆگەیشتن بەڕاستی ڕوداوەکە و دۆزینەوەی خاوەن ماڵەکە، بۆئەم مەبەستە پەیوەندی بەو خێزانەوە کرد کە هەوڵی ڕوخاندنی خانوەکەیان دراوە، عیماد محەمەد ئەمین خاوەنی خانوەکە  بۆ ئاوێنە بەم شێوەیە دوا "هێزێکی ڕەش هات پۆلیس و شارەوانی شۆفڵیان پێبو، هاتن لەپشتی  ماڵمانەوە قتعەیەکیان ڕوخاند ماڵی تێدا نەبو، دواتر هاتن بۆ خانوەکەی من، پێموتن کاکە ماڵی تێدایە پێیان وتم دەبێت هەر بڕوخنرێت"

وتیشی"خێزانەکەم ڕۆشتە ناو خانوەکەوە دەرگای لەسەرخۆی داخست و مناڵەکان هاتنەدەرەوە، وتی دەرناچم سوێندی خوارد کە خۆی دەسوتێنێت."

عیمادی خاوەن ماڵ وتیشی"زۆر داوام لە لیژنە کردو پاڕامەوە دۆخم خراپە زۆر قسەم کرد لەگەڵیان، داوایانکرد خێزانەکەم دەربکەم، وتم دەرناچێت خۆنایکوژم، شتومەکەکانم لەناو حەوش بردە ئەولاوە دیوارەکەیان ڕوخاند، دو سێ پۆلیسیان ناردە سەرخانوەکە کە خێزانەکەمی تێدایە، قەپی شۆفڵیان برد بدات لەخانوەکە بیڕوخێنن کە خێزانەکەمی تێدایە، خێزانم نەوتی بەخۆیدا کردو ئاگری لەخۆی بەردا."

وتیشی"کوڕەکەم دەرگاکەی شکاندو ڕۆشتە ناو خۆیشم گەشتم پێیدا ئاگرەکەم کوژاندەوە، لەهۆش خۆی چو کەمێک قاچی سوتاو بردم بۆ تەواریەکە ئیتر خەڵک لای خانوەکە لەوێ بو بو بەئاڵۆزێ ئەوانیش ڕۆشتبون."

هێمای بۆئەوەشکرد"سکاڵای تۆمار کردوە لە (و) ناوێک و (ب) ناوێک، کە ناوەکانیان لای ئاوێنە پارێزراوە یەکێکیان بەرپرسیارێتی لەشارەوانی هەیەو ئەویدیکەشیان لەپۆلیس."

وتیشی"تەقریرەکەم لەنەخۆشانە هێناو لەبنکەی پۆلیسی کەلاری کۆن سکاڵام تۆمارکردوە."

گەڕەکی حەمرین یەکێکە لەگەڕەکەکانی قەزای کەلار کە ماوەی زیاتر لە 25 ساڵە بەشێوەی زیادەڕۆ دروست بوە، ئێستا بەپێی بڕیاری حکومەت ئەو خانوەی پێش 2018 دروستکراون تاپۆ دەکرێن و ئەو خانوانەی کە نوێن و بەزیادەڕۆ هەژمار دەکرێن.

 

 

 

 



زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×