ئەندامێکی ئەنجومەن: لەکەلار یاسای ژمارە 3 لەسەر هەژارەکان جێبەجێ دەکرێت و دەستڕۆشتوەکان بێباکن
  2020-10-24       499       

دوای ئەوەی ئەمڕۆ چەن خانویەک لەگەڕەکی حەمرینی قەزای کەلار لەلایەن لیژنەی زیادەڕەویەوە ڕوخێنرا، بۆ ئەوەی خانوەکەی نەڕوخێنن ئافرەتێک هەوڵی خۆسوتاندنی دا، لەبەرامبەردا ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت "لەپەرلەمانی کوردستان دەپرسم ئایە لە هیچ بەندو مادەیەکی یاساکاندا هەیە کە یاسا تەنها لەسەر کەسی هەژار جێبەجێ بکرێت". 

ئاوێنە - ئەیاد محەمەد: کەریم علی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەر بابەتی زیادەڕوەی لەقەزای کەلار ڕایدەگەیەنێت: "لە قەزای کەلار یاسای ژمارە ٣ لەسەر هەژارەکان جێبەجێ دەکرێت و دەست ڕۆشتووەکانش بێ باکن".

دەشڵێت: "ئەمڕۆ لیژنەکانی زیدەرۆیی لە گەڕەکی حەمرین چەند خانوەیەکیان ڕوخاندوە کە چەند ماڵێکیان تیادایە لەبەر هەژاری بەو جێگایە ڕازی بوون تیایدا نیشتەجێبن".

کەریم علی سەرسوڕمانی خۆی پیشان دەدات و دەڵێت "لە هەمووی سەیرتر ئەوەیە کە چەند سەد مەترێک لە ڕۆژئاوای بینای شارەوانی قەزای کەلار بەنزنخانەیەک دروست کراوە بەبێ هیچ مۆڵەت و ڕێگەپێدانێک و چەند سەد مەترێک نزیکتر بینایەکی چەند نهۆم دروست کراوە کەچی نابینرێت".

ئەو ئەندامەی ئەنجومەن ڕوی دەمی لەپەرلەمانی کوردستان دەکات و دەڵێت: "لەپەرلەمانی کوردستان دەپرسم ئایە لە هیچ بەندومادەیەکی یاساکاندا هەیە کە یاسا تەنها لەسەر کەسی هەژار جێبەجێ بکرێت".

شایه‌نی باسه‌ بەیانی ئەمڕۆ شەممە دەنگۆی خۆسوتاندنی ئافرەتێک لەگەڕەکێکی قەزای کەلار بەناوی گەڕەکی حەمرین بڵاوبوەوە کە گوایە لەکاتی هەوڵدان بۆ ڕوخاندنی خانوەکەی لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار ئاڵۆزی دروست بوەو خۆی سوتاندوە.

لەو بارەیەوە ئاوێنە پەیوەندی بە ئەکرەم ساڵح سەرۆکی شارەوانی کەلارەوە کرد و ناوبراو  بە ئاوێنەی ڕاگەیاند "کۆمەڵێك خانوی تەجاوز دروستکراوە، بەشێکی خەڵک ئەڵێن پارە دراوەو ڕەشوە دراوە  دروست دەکرێن، بەشێکی تر ئەڵێن بازرگانیان پێوە دەکرێت و خەڵکی هەژار بەکاردەهێنن بۆئەوەی خانوی تەجاوزی پێبکەن بە بڕێک پارەی کەم، ئەمانە هەموی بەڕاپۆرت ڕۆشتونەتە قایمقامیەتی قەزای کەلار."

وتیشی "بەپێی یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2018 یاسای لابردنی زیادەڕەویی تیمەکان ڕۆشتنەتە ئەوێ بۆ ئیجرائات کردن، بێ توندوتیژی و بێ هیچ شتێک، خاوەن ماڵیان بانگکردوە کە فەرمانی ڕوخانی ئەم خانوە هەیە کە بەزیادەڕەوی دروستکراوە."

سەرۆکی شارەوانی کەلار ڕونیکردەوە "دواتر مەرحەلە یەک ڕۆشتون دیارە خەڵک لەوێ ناڕەزایەتی دەربڕیوە، بۆیە تیمەکان گەڕاونەتەوە".

سەبارەت بەخۆسوتاندنی ئافرەتێک لەو جێگایە، سەرۆکی شارەوانی کەلار ڕایگەیاند "منیش تەنها لەڕاگەیاندنەوە ئەوەم بینیوە، لەتیمەکانم  پرسیوە ڕایانگەیاند، کە ئەوان نەیانبینیوە حاڵەتی خۆسوتاندن، ئەگەر شتی وا بوبێت ڕەنگە لەدوای ئەوانەوە حاڵەتی وا دروست بوبێت، چونکە ئەوەی ڕۆشتوەتە ئەوێ بێ توندوتیژی ڕۆشتوەتە ئەوێ بەبێ ئەوەی پۆلیسێک یان کارمەندێکی شارەوانی یان ئەو تیمەی کە ڕاسپێردراون بچوکترین توندوتیژی بکەن هەرواشمان پێوتون".


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×