هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی سه‌ربازگه‌یه‌كیان له‌ كه‌ركوك كردەوە
  2020-10-24       1038       
هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی سه‌ربازگه‌یه‌كیان له‌ كه‌ركوك كردەوە، سەربازگەکەیان ناو ناوە ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس، ئەو جێگرەی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی كە لەلایەن ئەمریكییەكانەوە كوژرا.
 
ئاوێنه‌: ئه‌بوڕه‌زا نه‌جاڕ، فه‌رمانده‌ی میحوه‌ری باكووری حه‌شدی شه‌عبی ئەمڕۆ شەممە 24ی تشرینی یەكەم به‌ میدیاكانی ڕاگه‌یاند، "‌ئامانجمان لە کردنەوەی ئەم سەربازگەیە زیادبوونی ژمارەی ھێزەکانی حەشدی شەعبی و پەرەپێدان بە مەشقەکانیانە و بەم ھەنگاوەیش ئەوە دەسەلمێنین کە ئێمە شەھیدەکان و فەرماندەکانی حەشدی شەعبی لەبیر ناکەین".

ئەبوڕەزا نەجاڕ ڕاشیگەیاندووە، "ئەمڕۆ هاوکات لە مەراسیمێکی شایستەدا ڕێزلێنانمان بەخشییە کەسوکاری شەھیدانی حەشدی شەعبی کە ھێمای فیداکاری و قوربانیدانبوون لەپێناو پاراستنی ئاسایشی کەرکوک".

لەبارەی ئەرک و چالاکییەکانی حەشد لەو بنکە سەربازییەدا، جەبار محەمەداوی، بەرپرسی سەربازگەی ئەبومەھدی موھەندیس ئاماژەی بەوەكردووە، "دروستبوونی ئەم ھێزە لەسەر فەرمانی بەرپرسانی باڵای حەشدی شەعبی بۆ ڕێکخستنەوە ھێزەکانمان لەناوچەکانی کەرکوک و دەوروبەری ئەویش بۆ یارمەتیدان و بەھێزکردنی ھێزەکانمانە".

بەرپرسی سەربازگەكە دەشڵێت، "ئەم ھێزە بەردەوام لەدژی داعش لەناوچەکانی موسڵ و تەلەعفەر و حەویجە جەنگاوە و لێرەوە دووبارە دەستدەکەین بە ڕێکخستنەوە و بڵاوکردنەوەی لەو ناوچانەی پێویستن و بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی لەناوچەکەدا".

ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لەگەڵ فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسدارانی ئێران، قاسم سولەیمانی ڕۆژی سێی کانونی دووەمی 2020، لە بۆردومانێکی ئاسمانیی ئەمریکادا لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداد کوژران.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×