15 هەزار خانویی كارت لە شاری هەولێر تاپۆ دەكرێن
  2020-10-25       360       
له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا وه‌زاره‌تی شاره‌وانی گه‌شت و گوزاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، به‌م نزیكانه‌ 15 هه‌زار كارتی دیكه‌ له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر تاپۆ ده‌كرێن.

ئاوێنە: له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، "سەرچاوەیەك لە سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، بە راگەیاندنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری رایگەیاند: ئێستا 15 هەزار كارتی دیكە لە سنووری پیرزین - كەرك2، گردەڕشە ئەسعەد، كەرتی بیریات تاپۆ دەكرێن و مامەڵەكانیان رەوانەی تێبینەرایەتیی تۆمارگەی خانووبەرەی عەنكاوە و بەڕێوەبەرایەتییەكانی تۆمارگەی خانووبەرەی هەولێر كراون، بۆ ئەوەی بە خێرایی رێكارە یاساییەكانی تاپۆكردنیان ئەنجام بدرێت. سەرچاوەكە دەشڵێت: بە سوپاسەوە فەرمانگەكانی تۆماركردنی خانووبەرە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆماركردنی خانووبەرە زۆر بە جددی كار دەكەن بۆ ئاسانكاری و تاپۆكردنی كارتەكان".

سەرچاوەكە راشیگەیاندووه‌: "لەو 15 هەزار كارتەی بەمزووانە تاپۆ دەكرێن، 5 هه‌زاریان دەكەونە سنووری پیرزین - كەرك2 و تەواوی رێكارەكانیان لەلایەن شارەوانیی هەولێرەوە تەواو كراوە و رەوانەی تێبینەرایەتیی تۆمارگەی خانووبەرەی عەنكاوە كراون و بەمزووانە تاپۆكانیان تەواو دەكرێن".

هه‌ر به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، "6 هه‌زار كارتی دیكەش لە سنووری گردەڕەشە ئەسعەد (بەشێك لە باغمرە شەهاب) لەلایەن سەرۆكایەتی شارەوانیی هەولێرەوە مامەڵەكانیان تەواو كراون و رەوانەی بەڕێوەبەرایەتیی تۆمارگەی خانووبەرەی هەولێر2 كراون، بۆ ئەوەی بەخێرایی كاری جیاكردنەوەیان بۆ بكرێت بە مەبەستی تاپۆكردنیان".

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه‌، "به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌كه‌، لە سنووری كەرتی بیریات نزیكەی 4 هەزار كارت بە مەبەستی تاپۆكردنیان مامەڵەكانیان لە سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر تەواو كراون و ئێستا لە بەڕێوەبەرایەتیی تۆمارگەی خانووبەرەی هەولێر1 كاریان لەسەر دەكرێت، بۆ ئەوەی بە خێرایی مامەڵەی تاپۆكردنیان تەواو بكرێت و تاپۆكان بدرێنەوە هاووڵاتییان".

سەرچاوەكە دەشڵێت: "به‌ر له‌ ماوەیەك 6 هەزار كارتی دیكەش لە سنووری كەرتی باغمرە شەهاب تاپۆكران، هەروەها سوپاسی فەرمانگەكانی تۆماری خانووبەرەی هەولێر دەكەین، كە زۆر هاوكارمان بوون لەو بابەتە، وتیشی: پرۆسەی تاپۆكردنی كارتەكان لە رێگەی لیژنەیەكەوە بەردەوامی دەبێت و هەموو ئەو كارتانەی دیكه‌ تاپۆ دەكرێن، كە تا ئێستا تاپۆ نەكراون، واتە پرۆسەی تاپۆكردنی كارتەكان بەردەوام دەبێت".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×