كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ لە عێراق داوا لە خۆپیشاندەران دەكات پابەندی خۆپیشاندانێكی ئاشتییانە بن
  2020-10-25       275       
كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ لە عێراق داوا لە خۆپیشاندەران دەكات پابەندی خۆپیشاندانێكی ئاشتییانە بن، لە هەمان كاتیشدا داوا لە هێزە ئەمنییەكان دەكات پارێزگاری لە خۆپیشاندەران بكەن.

ئاوێنە: لە ڕاگەیەندراوێكدا ئەمڕۆ یەكشەممە 25ی تشرینی یەكەم بە بۆنەی دەستپێكردنەوەی خۆپیشاندانەكان لە عێراق كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ لە عێراق دەڵێت، "لە یەكەم ساڵیادی خۆپیشاندانەكانی تشرین، كۆمسیۆنەكەمان جەخت دەكاتەوە لەسەر ئازادی رادەربڕین و خۆپیشاندانی ئاشتییانە، داوا لە سەرجەم خۆپیشاندەرانیش دەكەین پابەند بن بە بەڕێوەبردنی خۆپیشاندانەكان بە ئاشتی و هەماهەنگی بكەن لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان لە پاراستنی موڵك و ماڵی گشتی و تایبەت و دووربكەونەوە لەوەی پێكدادانیان لەگەڵدا دروست بكەن".

كۆمسیۆنەكە ئەوەشی خستوەتەڕوو، "پێویستە هێزە ئەمنییەكان پارێزگاری لە خۆپیشاندەران بكەن و ڕێساكانی پێكدادانی پارێزراو جێبەجێ بكەن".

لە هەمان كاتدا، كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ داوا لە حكومەتی عێراق دەكات، وەڵامی داواكارییە ڕەواكانی خۆپیشاندەران بداتەوە.

بۆ یادكردنەوەی خۆپیشاندانەكانی 25ی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردوو، سەدان خۆپیشاندەر لە شەوی ڕابردووەوە ڕویان لە گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندان كردووە بەتایبەت لە بەغدادی پایتەخت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×