2020-10-25   309     
پارێزگاری کرماشان رایدەگەیەنێت لە رۆژی دووشەممەوە شارەکانی شاباد، گیەڵان، هەرسین، جوانڕۆ و سەرپێڵ زەهاو، کە رەوشی سوور و زۆر مەترسیداریان هەیە لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بۆ ماوەی یەک هەفتە دەکرێنە پشوو.
ئاوێنە: لەمبارەیەوە هوشەنگ بازوەند، پارێزگاری کرماشان لە لێدوانێكیدا راگەیاندووە کە لەو شارانەدا بازاڕ و یەکە پیشەییەکانی دیکە، جگە لەو دامودەزگایانەی کە خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن، دادەخرێن و ماوەی کاری فەرمانگەکان لە هەندێ لە شارەکانی دیکەی پارێزگای کرماشان بۆ 4 کاتژمێر کەمدەکرێنەوە و بۆ کۆنترۆڵی کۆرۆنا لە رۆژی دووشەممەوە سنووردارێتی و قەدەغە لەسەر شوێنە گشتییەکانی پارێزگای کرماشان جێبەجێ دەکرێ.
ئەمەش لە كاتێكدایە كە بەپێی دوایین راپۆرتی زانکۆی زانستی پزیشکیی کرماشان، لەو پارێزگایەدا 800 کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا مردوون و ئێستا 800 تووشبووی دیکەی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکان لەژێر چاودێریی پزیشکیدان.
وەزارەتی تەندروستیی ئێرانیش، 43 شاری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی وەک شاری زۆر مەترسیدار و بە رەوشی سوور راگەیاندووە، کە جموجووڵ و چالاکییە جۆراوجۆرەکانیان تێدا بۆ ماوەی هەفتەیەک قەدەغە دەبێت. لەم ژمارەیە 14 شاریان لە رۆژهەڵاتی کوردستانن.