كەجەكە وەڵامی راگەیەندراوەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم دەداتەوە
  2020-10-26       1038       

دوای ئەوەی ئەمڕۆ دوشەممە، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، هێزەكانیان "دو پیلانیان پوچەڵكردونەتەوە كە یەكێكیان لەلایەن پەكەكەوە پلانی بۆ دانرابو." كەجەكە دەڵێت: پارتی دەیەوێت لەڕێگەی ئەو هەواڵە چەواشەكارییانەوە رەوایەتی بە هێرشكردنە سەریان بدات.

ئاوێنە: کۆمیتەی پەیوەندیەکانی کۆما جڤاکێن کوردستان(کەجەکە)، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا بۆ رایگشتی رایگەیاند"پارتی دیموکراتی کوردستان دەستی بە شاڵاوێکی بەرفراوانی چەواشەکاری کردوە. پارتی بۆ شاردنەوەی هەمو تاوانە نەتەوەیی و سیاسیەکانی لە بەرامبەر گەلی کوردستان، دەست بۆ هەمو ئاژاوەگێری و چەواشەکارییەک دەبات.هەر لە تۆمەت هەڵبەستن لە روداوی کوشتنی بەرپرسی خاڵی سنوری سەرزێڕی (کە لە لایەن هەپەگەوە بە درۆخرایەوە) بگرە تا هەواڵ و راپۆرتی بێ بنەما سەبارەت بە تەڤگەرەکەمان، هەوڵ دەدات کە بۆ پلانی چەپەڵی داهاتو زەمینە ئامادە بکات."

هەروەها وتوشیەتی"ئەم هەواڵەی کوتاییش کە گوایا گروپێکی سەر بە تەڤگەرەکەمانیان دەستگیرکردوە، هیچ بنەمایەکی نییە، بە تەواوی دورە لە راستیەوە. ئەم هەواڵە چەواشەکارییانە بە هاوکاری و هاوئاهەنگی دەزگای سیخوڕی میت دروست کراوە و ئامانجەکەی ئەوەیە کە زەمینە ئامادە بکات بۆ رەوایەتیدان بە هێرش بۆ سەر تەڤگەرەکەمان."

كەجەكە جەختی كردۆتەوە كە گەریلا لە مسۆگەرکردنی ئەمن و ئاسایشی هەرێمی کوردستاندا رۆڵی پێشەنگی گێڕاوە و هیچ کات بە دەستی خۆی ئەم ئەمن و ئاسایشە ناخاتە بەر مەترسییەوە کە بە سەدان شەهید لە پێناویدا گیانیان بەخت کردوە.

وتوشیەتی"پێویستە ئەوە بزانرێت ئەو هێزانەی کە ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەخەنە مەترسییەوە، پارتی دیمۆکراتی کوردستان و دەوڵەتی تورکیان."

كەجەكە داواشی لە هەمو هێزو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و رایگشتی گەلی كوردستان كردوە بە هۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ "ئەم شاڵاوە گێرەشێوێنییەی شەڕی تایبەتی پارتی و میتی تورکیادا بکەن و بە هەڵوێستی بونیادنەر و نشتیمانپەروەرانە ئەم پلانگێرییە نوێیە لەسەر گەلەکەمان پوچەڵ بکەنەوە."

دەقی راگەیەندراوەكە...

بۆ رایگشتی

پارتی دیمۆکراتی کوردستان دەستی بە شاڵاوێکی بەرفراوانی چەواشەکاری کردوە. پەدەکە بۆ شاردنەوەی هەمو تاوانە نەتەوەیی و سیاسیەکانی لە بەرامبەر گەلی کوردستان، دەست بۆ هەمو ئاژاوەگێری و چەواشەکارییەک دەبات.هەر لە تۆمەت هەڵبەستن لە روداوی کوشتنی بەرپرسی خاڵی سنوری سەرزێڕی (کە لە لایەن هەپەگەوە بە درۆخرایەوە) بگرە تا هەواڵ و راپۆرتی بێ بنەما سەبارەت بە تەڤگەرەکەمان، هەوڵ دەدات کە بۆ پلانی چەپەڵی داهاتو زەمینە ئامادە بکات.

ئەم هەواڵەی کوتاییش کە گوایا گروپێکی سەر بە تەڤگەرەکەمانیان دەستگیر کردوە، هیچ بنەمایەکی نییە، بە تەواوی دورە لە راستیەوە. ئەم هەواڵە چەواشەکارییانە بە هاوکار و هاوئاهەنگی دەزگای سیخوڕی میت دروست کراوە و ئامانجەکەی ئەوەیە کە زەمینە ئامادە بکات بۆ رەوایەتی دان بە هێرش بۆ سەر تەڤگەرەکەمان. رای گشتی گەلی کوردستان ئەوە باش دەزانێت کە لە کاتی تەنگانەدا و لە کاتی هێرشی داعش بۆ سەر هەبونی گەلی کورد لە باشور، کێ باشوری پاراست و کێ سەنگەر و گەلی بەجێهێشت و هەڵات. ئێمە وەکو تەڤگەری ئازادیخوازی گەلی کوردستان پاراستنی هەبون، ئازادی، ئارامی و ئاسایشی گەلی کوردستان لە بەرامبەر هێرشی داگیرکەران و بەکرێگیراوانیدا بە ئەرکی نەتەوەیی و ئەخلاقی خۆمان دەزانین. سەدان هەڤاڵی گەریلا بۆ پاراستنی گەلی باشور لە شەنگالەوە بگرە تا هەولێر، گیانی خۆیان فیدا کرد و فەرماندەی وەکو زەکی شەنگالی و عەگید جڤیان و تێکۆشەر گەڤەر لەم رێگایەدا شەهید بون.

گەریلا لە مسۆگەرکردنی ئەمن و ئاسایشی هەرێمی کوردستاندا رۆڵی پێشەنگی گێڕاوە و هیچ کات بە دەستی خۆی ئەم ئەمن و ئاسایشە ناخاتە بەر مەترسییەوە کە بە سەدان شەهید لە پێناویدا گیانیان بەخت کردوە. لێرەدا پێویستە ئەوە بزانرێت ئەو هێزانەی کە ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەخەنە مەترسییەوە، پارتی دیمۆکراتی کوردستان و دەوڵەتی تورکیان. لە ئەنجامی پلانی هاوبەشی داگیرکاری ئەم دو هێزەدایە کە رۆژانە دەنگی تەقینەوەی بۆمب و تۆپ و رۆکەتی تورکیا لە چیا و دۆڵەکانی کوردستان کەم نابێتەوە. هەروەها، هاوشێوەی دەسەڵاتی ئەردۆغان، پارتی دیمۆکراتی کوردستان شاڵاوی گرتن، رفاندن، زیندانیکردن، تۆقاندن و فشاری هەمەلایەنی لە دژی رۆژنامەنوسان، مامۆستایان، چالاکوان و کەسایەتی ئۆپۆزیسیۆن بەڕێوەدەبات و ئەمن و ئاسایشی هاوڵاتیان تێک دەدات.

لێرەدا بانگ لە هەمو هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و رای گشتی گەلی کوردستان دەکەین کە بە وشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم شاڵاوە گێرەشێوێنییەی شەڕی تایبەتی پەدەکە و میتی تورکیادا بکە و بە هەڵوێستی بونیادنەر و نشتیمانپەروەرانە ئەم پلانگێرییە نوێیە لەسەر گەلەکەمان پوچەڵ بکەنەوە.

کۆمیتەی پەیوەندیەکانی کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە
٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×