قەرەیلان: پارتی ئامادەكاری بۆ شەڕ دەكات، دەمانەوێت بۆچونی مەسعود بارزانی بزانین
  2020-10-26       1415       

موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە، پارتی تۆمەتبار دەكات بەوەی كە لەڕێگەی جوڵەپێكردنی هێزەكانییەوە خەریكی ئامادەكارییە بۆ شەڕ. داواش دەكات مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی لەوبارەیەوە بۆچونی خۆی بخاتەڕو. قەرەیلان دەشڵێت"زانیاریمان هەیە هەندێک دەڤەر هەن دەیانەوێت بەم شێوەیە کۆنتڕۆڵیان بکەن.ئەگەر بەو شێوەیە بێت، شەڕو پێکدادان ئەگەرێکی دور نابێت."

ئاوێنە: موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە بەشداری لە بەرنامەیەکی تایبەتی "ستێرک تی ڤی"دا رایگەیاند"پەیوەندیەکانی پارتی و تورکیا، هاوکارییەکانی هەواڵگری و پەیوەندی تر، خزمەتی گەلی کورد ناکەن. لە ڕاستیدا لە خزمەتی پارتیشدا نین. پێدەچێت بۆ ماوەیەکی کاتی وەک خزمەتێک بۆ ئەوان ببینرێت، بەڵام ئەوە مەترسیە بۆ سەر کورد. واتە دۆخێکی وەهایە کە هەم زۆر هەستیارەو هەم ناتوانرێت هیچ واتایەکی پێ بدرێت. لەبەرئەوەی هەمو کوردێک دەکەنە ئامانج، بەڵام کە سەیری دەکەی بەشێک لە کورد پەیوەندی دۆستانەیان هەیە. ئێمە لەدژی ئەم دەسەڵاتە زۆردارە بەرخۆدان دەکەین و بەرخۆدانمان بە ناوی گەلی کوردەوە بەڕێوەدەبەین. هیچ نەبێت لەبەرانبەرمان نەوەستنەوە، گەمارۆمان نەدەن و پشتگیری لە ئێمە بکەن."

ئەوەشی خستۆتەڕو"بابەتێکی تر ئەوەیە کە هەندێک بەرپرسانی هەرێم دەڵێن: پەکەکە خۆی وەک جێگرەوەی حکومەتی هەرێم دەبینێت. لەکوێ ئەوەیان دەرهێناوە، ئێمە نازانین. ئایا بۆ ئەوەی ئەوان ڕازی بکەن وا دەڵێن، یان ئەوانەی ئەو قسانە دەکەن ئایا بڕوا بە قسەکانی خۆیان دەکەن، بە ڕاستی جێگای پرسیارە. بەڵام هیچ بناغەیەک بۆ ئەو قسانە نییە. چاوشئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی تورک وتی، 'پەکەکە دەیەوێت دەست بەسەر هەولێردا بگرێت.' دامەزراندنی حکومەتی هەرێم دەستکەوتنی هەمو کوردێکە. دەستکەوتێکە کە بە تێکۆشانی دەیان ساڵە بەدەست هاتوە. لە ئەنجامدا ئیرادەی گەل هەیە. ئیمە بۆچی خۆمان وەک جێگرەوەی ئەم حکومەتە ببینین! ئەوە ڕاست نییەو هیچ بناغەیەک بۆ ئەو قسانە نییە."

قەرەیلان وتوشیەتی"لە هەر کوێ ڕوداوێک هەبێت، سەرنجی بدەیت، دەیخەنە ئەستوی پەکەکە و دەڵێن، 'پەکەکە ئەنجامیداوە'. بەڕێوەبەری ئاسایشی سەرزەر کوژرا، یەکسەر وتیان پەکەکەیە. ئەنجومەنی ئاسایشی باشور بە ئاشکرا ئەوەی وت. لە ڕاستیدا ئێمە توشی شۆک بوین. بەر لە هەمو شتێک دەڵێم: هیچ بڕیارێکمان نییە کە لە باشور لەدژی لایەنەک یان لەدژی بەرپرسێکی حکومەتی هەرێم چالاکی و هێرش ئەنجام بدەین. بە شێوەیەکی فەرمی دەیڵێین: ئێمە هیچ بڕیارێکی وامان نییە. بەڵام ئەوان زۆر بە مسۆگەری وا دەڵێن و ئێمەش کەوتینە گومانەوەو وتمان، بڵێی یەکینەکانمان لەو ناوچەیە سەربەخۆ شتێکی وایان کردبێت؟ لێپرسینەوەو لێکۆلینەوەمان لەو هەرێمە کردو بینیمان هیچ شتێکی بەو شێوەیە نییە. ئەگەر بەڵگەیان هەیە کە کارێکی واکراوە با بەڵگەکانیان بنێرن، دەتوانن لە ڕاگەیاندنەکاندا بڵاوی بکەنەوەو ئێمەش ئەو کاتە دەڵێین 'تەواوە'. بەڵام شتێکی بەو شێوەیە نییە. واتە دوژمن دەیەوێت ئێمە لەدژی یەکتری بوەستینەوە. هەوڵی تێکدەرانە هەیە. ئێمە نازانین کێ ئەو ڕوداوەی ئەنجامداوە، بەڵام پێویستە ئێمە باش بزانین کە دوژمن ستراتیژیەکی هەیەو دەیەوێت کورد لەبەرانبەر یەکتری بەکار بهێنێت و دواتر بانگەشە بكات. بەم شێوەیە دەیەوێت ستراتیژیەکەی سەربکەوێت."

جەختیشی كردۆتەوە كە "تا ئێستا کورد هیچ کاتێک سودی لە شەڕی ناوخۆیی دەستنەکەوتوە. ئەوە مسۆگەر و ئاشکرایە. ساڵەکانی ڕابردو، واتە لە ساڵەکانی ١٩٩٠دا، پێشتر هەندێک هێز سودیان لە شەڕی ناوخۆیی دەبینی: ئەو کاتە ئەو دەرفەتە هەبو. بەڵام ئێستا نییە. بۆچی نییە؟ لەبەرئەوەی ئێمە لە سەدەی ٢١ داین، گفتوگۆ لەسەر سەرلەنوێ دیزاینکردنی هەرێمەکە دەکرێت، شوێنی کورد کوێ دەبێت، واتە ئێمە لە دۆخێکداین کە چارەنوسی کورد دیار دەبێت. بۆیەش ئەگەر گەلی کوردستان ئێستا بکەوێتە ناو شەڕێکی ناوخۆییەوە لە ڕوی ستراتیژیەوە تێکدەشکێت. ئەم پرسە زۆر گرنگە. سەیری بکەن، ئێمە بۆ ئەم دۆزە هەمو ڕۆژێک قوربانی دەدەین. بەڵان ئەگەر تێکشکاندنێکی بەو شێوەیە ڕوبدات، هەمو قوربانیدانەکان بە فیڕۆ دەچن. ڕەنجی گەلەکەمان لە باشور، باکور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بە فیڕۆ دەچێت. بۆیەش ئاسان نییە ئەو دۆخە هەڵبسەنگێنین."

ئاماژەی بەوەشداوە "دەبیستین کە: جوڵەیان بە هێزەکانیان کردوە، لە حاڵەتی ئامادەباشیدان و خۆیان بۆ شەڕ ئامادەکردوە. واتە ئەگەر چاودێریەکی جددی و ئاگاداریەکی جددیمان نەبوایە، ئێمە ئەم شتانەمان نەدەوت، لەبەرئەوەی ئێمە هەمو کاتێک گەشبینین. بەڵام ئێستا دەبینین: بە ڕاستی ئامادەکاری هەیە. بەم ئامادەکاریە دەیانەوێت چی بکەن من نازانم. بەڵام لەکوێ خالێکی ئێمە هەبێت، یەکسەر هەوڵ دەدەن هێزێک لەوێ جێگیر بکەن. لەنێوان دو هێزی ئێمەدا ڕێگایەک هەبێت، بارەگایەک لەوێ دروست دەکەن. مەبەستیان چییە؟ بۆ نمونە چەند ڕۆژ لەمەوبەر لە دەڤەری زێباری هەوڵێکی بەم شێوەیەیاندا: ئەوەندەی نەمابو کە هەندێک ڕوداو ڕوبدەن. بەڵام بیستمان و زو دەستوەردانمان کرد. واتە هاتون و بارەگایەک دروست دەکەن. لەسەر ڕیگایە، لەوێ هاتوچۆ هەیە. بڕۆن لە شوێنێکی تر دروستی بکەن، بۆ جێگاتان نییە. ئێمە دوژمنمان هەیە: هەروەها لەناو هێزەکانماندا گەنج و خوێن گەرم هەن. ئەگەری هەیە هەمویان کۆنتڕۆڵ نەکرێن. بۆیەش مەترسیدارە کە ئەم هەمو هێزە تێکەڵ بەیەک ببن و بێن و لەناو دو هێز جێگیر ببن."

هەروەها وتوشیەتی"بەپێی زانیاریەکانمان هەندێک دەڤەر هەن کە دەیانەوێت بەم شێوەیە کۆنتڕۆڵیان بکەن. ئەگەر بەو شێوەیە بێت، شەڕ و پێکدادان ئەگەرێکی دور نابێت. من خۆم حەز ناکەم فەرمان بە فیداییەکان بکەم کورد بکەنە ئامانج. نە من و نە بزوتنەوەکەمان بە گشتی حەز ناکەین فەرمانێکی بەم شێوەیە بدەین. دەمانەوێت لایەنی بەرانبەرمان ئەمە باش بزانێت. تکایە! ئێمە هەمو ڕۆژێک لەدژی دوژمن شەڕ دەکەین و لە شەڕ ناترسین، بەڵام نامانەوێت شەڕێکی ناوخۆیی لەناو کورددا دروست ببێێت."

هەروەها وتوشیەتی"من نازانم بەڕێوەبەرایەتی پارتی ئاگاداری ئەم هەمو ڕوداوانەیە یان نە. بە تایبەتی دەمەوێت بانگ لە کاک مەسعود بکەم: ئاگاداری ئەم دۆخەی یان نە؟ نازانم بۆچونی لەمبارەیەوە چۆنە، لەبەرئەوەی تا ئێستا قسەی نەکردوە. دەمانەوێت بۆچونی کاک مەسعود بزانین. واتە ئەم شتانە بۆچی دەکرێن؟ ئێمە دەمانەوێت تیشک بخاتە سەر ئەم پرسە. بە هەمو شێوەیەک ئامادەین کێشە ناوخۆییەکانمان لە رێگەی دیالۆگەوە چارەسەربکەین. بەڵام ئەگەر تۆ بێیت و هێزێک لە چەپ و ڕاستەوە گەمارۆ بدەی و جێگاکەی تەسک بکەیتەوە، ئەگەر داواکاریش نەبێت، بەڵام شەڕ ڕودەدات. بۆچونی ئێمە بەم شێوەیەیە. بۆیە بە شێوەیەکی ئاشکرا بانگ دەکەم: دەمەوێت ڕێگا لە شەڕ بگرم. بەم شێوەیە نابێت. بەم شێوەیە بێت، ئەگەری هەیە لە هەر ساتێکدا ڕوداوێک ڕوبدات."

ئەوەشی خستۆتەڕو"پێویستە کەس بیر لەوەنەکاتەوە کە ئێمە ئامادەکاری دەکەین، هەندێک دەڤەر کۆنتڕۆڵ بکەین. نازانم هەندێک کەس فیتنەی بەم شێوەیە دروست دەکەن و زانیاری هەڵە بڵاودەکەنەوە! بەڵام ئێمە پێداگری لەسەر نەتەوەییبون دەکەین...باشە چۆن دەبێت ئێمە خۆمان وەک جێگرەوەی حکومەتی باشوری ببینین؟ چۆن دەبێت بگوترێت ئێمە ئامادەکاری کۆنتڕۆڵکردنی هەندێک دەڤەر دەکەین؟ شتێکی بەو شێوەیە نییە. دیارە لێرەدا یاریەک و فیتنەیەکی سیستمی هەواڵگری هێزەکانی دوژمن هەیە. بۆیەش پێویستە هەمو کەسێک ئاگادار بێت. هەم گەلەکەمان، هەم لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و کەسایەتیەکان، هەم پەکەکە و هەم پارتی پێویستە ئاگاداری دۆخەکە بن."

جەختیشی كردۆتەوە كە "پرسی نێوان پارتی و پەکەکە پرسێکی نێوان دو حزب نییە. ئەم پرسە پەیوەندی بە هەمو کوردێکەوە هەیە. بۆیەش بڕوام وایە پێویستە هەمو کەسێک سەرقاڵی ئەم پرسە بێت. لەم ڕوەوە ئێمە ئامادەین: هەر کێشەیەک هەیە ئێمە دەتوانین لەژێر چاودێریدا گفتوگۆی لەسەر بکەین. ئێمە بۆ هەمو شتێک ئامادەین. بە کورتی ئێمە چاوەڕێ دەکەین کە ڕێگری لە دۆخێکی نەرێنی کە ئەگەری هەیە ڕوبدات بکەین. چونکە ئاشکرایە کە مەترسی هەیە. ئێمە دەمانەوێت کوردستان لەناو ئارامیدا بێت. لەبەرئەوەش ئێمە دەمانەوێت چارەسەریەک بۆ ئەم دۆخە بدۆزرێتەوە."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×