یەكگرتو: لە بەرگریكردن لە پێغەمبەردا بەشێيك نین لە ئەجێنداری سیاسی هیچ دەوڵەتێك
  2020-10-26       480       

هادی عەلی، سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی سەرکردایەتی یە‌كگرتوی ئیسلامی كوردستان دەڵێت، حزبەكەی لە بەرگریكردن لە پێغەمبەر ئیسلامدا بەشێك نییە لە ئەجێندای سیاسی هیچ دەوڵەتێك.

ئاوێنە: هادی عەلی لە تویتێكدا وتویەتی"یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان و ئەندامانی یەکگرتو تەنھا وەک بەرپرسیارێتی ئایینی بەرگری لە پێغەمبەری ئیسلام دەکەن و ھەمو جۆرە سوکایەتیکردنێک بەرامبەری رەتدەکەنەوە."

ئەو سەركردەیەی یەكگرتو جەختی كردۆتەوە كە "لەو بوارەدا یەکگرتو بەشێک نییە لە ئەجێندای سیاسی ھیچ دەوڵەتێک و مەبەستی نییە دژایەتی ھیچ دەوڵەتێک بکات."

هادی عەلی، دو رۆژ لەمەوبەریش لە تویتێكدا وتبوی"پەنابردنی سەرۆکی فەرەنسا و ھەندێ ناوەندی فەرەنسایی بۆ سوکایەتیکردن بە پێغەمبەری ئیسلام، بەڵگەیە لەسەر فراوانبونی گەشەکردنی ئیسلام لەلایەک و لاوازی و خیانەتی ھەندێک لە سەرانی رژێمە عەرەبی و ئیسلامییەکان لەلایەکی ترەوە."

بەشێك لە لایەنە ئیسلامییەكان و وڵاتان و خەڵكی موسڵمان لە جیهاندا قسەكانی ئەم دواییەی سەرۆكی فەرەنسایان سەبارەت بە كوشتنی مامۆستایەكی وڵاتەكەی لە پەیوەست بە كاریكاتێرەكانی پێغەمبەری ئیسلامەوە بە "بێڕێزیكردن" بە محەمەد لێكدایەوەو لەبەرامبەریدا هەڵوێستیان نواند.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا، دەیەوێت خۆی وەك رابەری كاردانەوەكانی موسڵمانان بەرامبەر بە سەرۆكی فەرەنسا نیشانبدات و  لەو بارەیەوە هێرشی توندی كردە سەر ماكرۆن و رایگەیاند كە ناوبراو پێویستی بە "چارەسەری عەقڵییە."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×