ئەمریكا سزای نوێی بەسەر كەرتی نەوتی ئێران سەپاند
  2020-10-27       525       
بەڕێوبەرایەتییەكەی سەرۆكی ئەمریكا سزای نوێی سەپاند بەسەر كەرتی نەوتی ئێراندا، بەو فرۆشیانەشەوە كە ڕەوانەی سوریاو ڤەنزوێلا كراون.

ئاوێنە: لە ساڵی (2018) ەوە بەڕێوبەرایەتیەكەی ترامپ سزای توندی بەسەر كەرتی نەوتی ئێراندا سەپاندووەو بەوەش كۆتایی هێنا بە سەرجەم هەناردەی نەوتی ئێران و سزادانی هەر وڵاتێك كە نەوت لە ئێران بكرێت.

بەپێی ڕێوشوێنە نوێیەكان، ئەمریكا ڕایگەیاند، كۆمپانیای نەوتی نیشتیمانی ئێران و وەزارەتی نەوتی ئێران و كۆمپانیا نیشتیمانیەكانی ئێران بۆ گواستنەوە دەخاتە ژێر دەسەڵاتی دژە تیرۆرەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە هەر بەڕێوبەرایەتیەكی دیكەی ئەمریكا لە داهاتوودا دەبێت ڕێوشوێنی یاسایی بگرێتەبەر تاوەكو ئەو بڕیارە هەڵبوەشێنێتەوە.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا ڕاشیگەیاند، سزای بەسەر سێ لایەنەكەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێراندا سەپاندووە كە ئەمریكا لە ماوەی ڕابردوودا بە ڕێكخراوێكی تیرۆریستی ناودێریكرد.

وەزیری خەزێنەی ئەمریكا (ستیڤن منوچن) لە بەیاننامەیەكدا وتی، ڕژێمی ئێران وەكو ئەركێكی سەرەكی بەردەوامە لە پشتیوانیكردن لە لایەنە تیرۆریستیەكان و بەرنامە ناوەكییەكەی، ئەوەش لەسەر حیسابی گەلی ئێران.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا ئەوەشی خستەڕوو تۆڕێكی سەر بە فەیلەقی قودس لە بەهاری ساڵی (2019) دا زیاتر لە (12) بارهەڵگری نەوتی ڕەوانەی دەرەوە كردووە كە زۆرینەیان بۆ سوریا بوون.

سەرەڕای سزاكانی سەر لایەنەكانی سەر بە فەیلەقی قودس و دانانیان لەژێر بەندی تیرۆردا، وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا سزای سەپاند بەسەر (مەحمود مودینپور) دا كە خاوەن كارێكی ئێرانیەو لە بەریتانیا دەژی و هەروەها ئەو كۆمپانیایانەشی كە پەیوەندییان پێوەی هەیە، ئەوەش بەهۆی مامەڵەكردنی لەگەڵ ڤەنزوێلادا، وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا بە تۆمەتی ناردنی دەیان هەزاران تۆن لە بەنزین بۆ ڤەنزوێلا تۆمەتباریكردووە، لەكاتێكدا ترامپ دەیەوێت سەرۆكی ڤەنزوێلا (نیكۆلاس مادۆرۆ) لە دەسەڵات دووربخاتەوە.

بەهەمان شێوە ئەمریكا سزای سەپاند بەسەر حكومەتەكەی مادۆرۆدا كە لە ماوەی ڕابردوودا توانی سوتەمەنی لە ئێران بكڕێت لەكاتێكدا وڵاتەكە ڕووبەڕووی قەیرانی كەمی كارەباو سووتەمەنی بۆتەوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×