وەزیری پەروەردە: هەر كاتێك پێویست بكات دەرگای قوتابخانەكان دادەخەین
  2020-10-27       741       
وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەر كاتێك پێویست بكات بۆ پاراستنی گیانی قوتابیان و مامۆستایان دەرگای قوتابخانەكان دادەخەین.

ئاوێنه‌: ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی هەرێمی كوردستان لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەگەر دەرگای قوتابخانەكانمان بە تەواوی بكردایەتەوە و هەموو قوتابیانمان ببردایەتە ناو پۆلەكان، ئێستا تووشی گەورەترین كێشە دەبووین.

وتیشی”دەزانین خوێندنی ئەلیكترۆنی جێگەی خوێندنی ناو پۆل ناگرێتەوە، بەڵام بۆ ئەوەی كارەساتی تەندروستی ڕوونەدات، ناچاربووین ئەم ڕێگەیە بگرینەبەر”.

ئاشكراشیكرد، بەداخەوە هەندێكجار ئەو بڕیارانە بۆ موزایەدە بەكاردەهێندرێن، كەرتی پەروەردە كەرتی سیاسەتبازی و موزایەدات نییە، كێ جێگرەوەی باشتری هەیە لەوەی ئێمە با بیخاتەڕوو، ئەو ڕێگەیەی كە ئێمە هەڵمان بژاردووە بۆ سەلامەتی مامۆستا و قوتابیانە.

جەختی لەوەش كردەوە، هەركاتێك پێویست بكات، وەزارەتی پەروەردە دەرگای قوتابخانەكان دادەخات”.

ئەمەش لەكاتێكدایە كە ئەمڕۆ سێ شەممە بریكاری وەزارەتی پەروەردە ڕایگەیاند، لەو ماوەیەی دەرگای قوتابخانەكانیان كردووەتەوە زیاتر لە 4 هەزار مامۆستای و خوێنكار تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×