لەماوەی تەنها مانگێکدا 12هاوڵاتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆیان کوشتووە
  2020-10-27       383       
بەپێی ئامارێکی رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، لەماوەی تەنها مانگێکدا 12هاوڵاتی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆیان کوشتووە، لەوانە پێنج کەسیان منداڵ بوون.

ئاوێنه‌: ئامارەکە دوێنێ 26 ی تشرینی یەکەم بڵاوکراوەتەوە و تێیدا ئاشکرا کراوە، لە پارێزگای سنە زۆرترین حاڵەتی خۆکوژی هەبووە و لە مانگێکدا پێنج کەس خۆیان کوشتووە کە دوو ژن و سێ پیاو بوون.

لەو ماوەیەدا شەش ژن و شەش پیاو خۆیان کوشتووە، کە بە پێی لێکدانەوەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵات هۆکاری خۆ کوشتنەکان کێشەی خێزانی و هەژاری بووە.

لەو پێنج کەسەی کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە و لە خوار 18 ساڵەوە بوون چوار کچ و کوڕێکن، کە زۆرینەی هۆکاری خۆکوژی ئەو منداڵە کچانە کێشەی کۆمەڵایەتیی بووە.

ئامارەکە ئاماژە بەوە دەکات لەماوەی ئەو مانگەدا لە پارێزگای ئیلام سێ حاڵەتی خۆکوژی هەبووە و دوو ژن و یەک پیاو بوون، لە پارێزگای کرماشانیش پیاوێک خۆی کوشتووە و لە پارێزگای سنەش پێنج حاڵەت هەبووە کە دوو ژن و سێ پیاو بوون.

هاوکات لە پارێزگای ورمێ سێ حاڵەتی کۆتایی هێنان بە ژیان هەبووە کە دوو ژن و یەک پیاو بوون.

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆکن لەسەر ئەوەی هۆکاری سەرەکی خۆکوژییەکان کێشەی کۆمەڵایەتیی و هەژارییە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×