سێ پەرلەمانتاری گۆڕان: له‌ پەرلەمانەوە شەرعییەت دەدرێت بە بڕینی مووچەی فەرمانبەران
  2020-10-27       502       

سێ ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەفراكسیۆنی گۆڕان دەڵێن، حكومەت بەسێ راپۆرت وەڵامی پرسیارەكانی پەرلەمانتارانی داوەتەوەو، بەپەسەندكردنی لەلایەن پەرلەمانەوە شەرعییەت دەدرێت بە بڕینی مووچەی فەرمانبەران. دەشڵێن، شەرعییەت نادەن بەو راپۆرتەو بەشدار نابن لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆی پەرلەمان.

ئاوێنه‌:  پێشتر 23 پەرلەمانتار، داوای پرساندنی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیری داراییان لەسەر بارودۆخی هەرێم و كێشەی مووچەی فەرمانبەران كردبوو.

 رۆژی 18ی ئەم مانگە، هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: "سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان لە رۆژی 30ی ئەیلوول ئەو نووسراوەی رەوانەی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران كردووە، كە تایبەتە بە بابەتی پرساندن و پێش وادەی خۆشی ئەنجوومەنی وەزیران وەڵامی پرساندنەكەی داوەتەوە، بۆیە لە نزیكترین دانیشتنی پەرلەمان هەم پرساندنەكەو هەم وەڵامی پرساندنەكە دەخەنە بەرنامەی كار".

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانیش، لەدانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا گفتوگۆی پرساندن و وەڵامەكانی سەرۆكوەزیران، جێگری سەرۆكوەزیران و وەزیری دارایی بەپێی حكومی ماددەكانی 70 و 71 و 73 لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، دەكرێت.

لەلایەن خۆشییەوە، عەلی حەمەساڵح- پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان لەهەژماری تایبەتی خۆی بڵاویكردووەتەوە:"ھەرچەندە بزوتنەوەی گۆڕان بەشدارە لە حكومەت، بەڵام ئێمە پێمانوابوو بە واژوكردنی پرساندنی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیری دارایی، ھەوڵێك دەدەین بۆ نەھێشتنی لێبڕینی موچەو دوانەخستنی زیاتری موچە."

"بەو بەڵگەو زانیارییانەی لە دۆسیەی نەوت و خاڵە سنوریەكان و باج كۆمانكردوەتەوە پرسی داواخستنی موچە چارە دەبوو، دەمانویست بیخەینە بەردەست سەرۆكایەتی حكومەت و بڵێین: بۆ ئەم چاكسازیانە نەكرا."

عەلی دەشڵێت:" بەداخەوە، لە بری ئامادەبونی بەرپرسانی حكومەت، سێ ڕاپۆرت نوسراوە بۆ پەرلەمان و ڕاپۆرتەكان دەخوێندرێتەوەو دەخرێتە دەنگدانەوەو زۆرینەش بۆ ئەو وەڵامانە مسۆگەر كراوە، ئەم كارەش لەبری ڕاگرتنی لێبڕینی موچەی فەرمانبەران بەدەنگدان بە ڕاپۆرتەكانی حكومەت شەرعیەت دەدات بە لێبڕینی موچە."

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان دەڵێت،ئێمە لەبەر چەند ھۆكارێك شەرعیەت نادەین بە پرۆسەكەو بەشدار نابین.. 
١- دەبوو سەرۆكایەتی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیری دارایی ئامادەبن، ناردنی ڕاپۆرت و خستنە دەنگدانی ناپێڕەویە.
٢- بە دەنگی زۆرینە ڕاپۆرتەكانی حكومەت پەسەنددەكرێت، ئەم ڕاپۆرتانەش باس لەوەدەكات لە ناچاریدا موچە بڕدراوە، واتە: بەدەنگدان شەرعیەت دەدرێت بەم لێبڕینە..
ئەوەی لە تواناماندا بێت بۆ دژایەتی گەندەڵی و نادادی و بەرگری لەمافی موچەخۆران دەیكەین..
شایان كاكە ساڵح 
شیرین ئەمین 
عەلی حەمە ساڵح
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×