په‌رله‌مان وه‌ڵامه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی په‌سندكرد
  2020-10-27       623       
له‌دانیشتنی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مانی كوردستاندا به‌ده‌نگی 82 په‌رله‌مانتار، ده‌قی ئه‌و وه‌ڵامه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان په‌سندكران.

ئاوێنه‌: ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ په‌رله‌مانی كوردستان كۆبوه‌وه‌و ته‌وه‌رێكی كۆبونه‌وه‌كه‌ تایبه‌ت بو به‌پرساندنی‌ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران‌و جێگرەکەی‌و وەزیری دارایی كه‌ 23 په‌رله‌مانتار داواكارییه‌كیان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ئاراسته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان كردبو، به‌ڵام ئه‌و سێ به‌رپرسه‌ی‌ حكومه‌ت ئامادەی دانیشتنەکە نه‌بون، بەڵکو وه‌ڵامه‌كانیان بە شێوەی نوسراو رەوانەی پەرلەمان کران بۆ پەرلەمانتاران خرانه‌ڕو.

له‌وه‌ڵامه‌كه‌ی‌ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو 23 پەرلەمانتارە هاتووە، لەدانیشتنی رۆژی 05-10-2020 باسی کۆمەڵێک تەوەری کردووە لەوانە: پرۆسەی چاکسازی، بارودۆخی دارایی هەرێمی کوردستان و دابەشکردنی مووچە و پلانی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی، هەروەها دۆخی تەندروستی و رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا و پرسی گفتوگۆ و دانوستاندن لەگەڵ بەغدا.
 
لەبەشێکی دیکەی وەڵامەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە بارودۆخی دارایی هەرێمی کوردستان و دابەشکردنی مووچە و پلانی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی هاتووە " لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و دروستبوونی ئەم قەیرانە، هەموو هەوڵێکمان داوە بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، کە لە ماوەی دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمدا توانراوە 12 مووچە دابەشبکرێت و لەم ماوەیەدا تەنیا دوو مووچە دواکەوتووە، ئەمەش بەهۆی نەناردنی بەشە بودجەی هەرێم بۆ مانگەکانی 5،6،7 لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵییەوە."
 
لەنوسراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە کە "ئەم دۆخە سەختە داراییە دۆخێکی نەخوازراوە و حکومەتی هەرێمی کوردستان دروستی نەکردووە،بەڵکو نزیکەی هەموو جیهانی گرتووەتەوە، بۆیە دەبێت بە ناچاری خۆمان لەگەڵ ئەم دۆخە سەختە بگونجێنین."
 
له‌كۆتایی تاوتوێكردنی ئه‌و پرسه‌دا، به‌ده‌نگی (82) په‌رله‌مانتاری كوردستان، ده‌قی وه‌ڵامه‌كانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان‌و جێگركه‌ی‌و وه‌زیری دارایی په‌سندكران.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×