لاهور شێخ جەنگی: حکومەت بەیەکسانیی کار بۆ شارو شارۆچکەکانی هەرێم بکات
  2020-10-27       544       
لاهور شێخ جەنگی
لاهور شێخ جەنگی به‌پێویستی‌ ده‌زانێت كه‌ حکومەت بەیەکسانیی کار بۆ شارو شارۆچکەکانی هەرێم بکات‌و دەسەڵاتەکان لەچوارچێوەی لامەرکەزیی ئیداریی‌و دارایی رێکبخرینەوە. پشتگیریی خۆشی‌ بۆ پرۆسەی چاکسازیی‌و رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دەکات.

ئاوێنه‌: به‌پێی‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ لاهور شێخ جەنگی، هاوسه‌رۆكی‌ یه‌كێتی‌‌و ستیڤ پاکەرین، راوێژکاری سەربازیی کونسوڵخانەی گشتی بریتانیا لەهەولێرو سەرپەرشتیاری پرۆژەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، هاوسه‌رۆكی‌ یه‌كێتی ڕایگه‌یاندووه‌، دەبێت چاکسازیی هەموو جومگەکانی حکومەت بگرێتەوە، حکومەت بەیەکسانیی کار بۆ شارو شارۆچکەکانی هەرێم بکات‌و دەسەڵاتەکان لەچوارچێوەی لامەرکەزیی ئیداریی‌و دارایی رێکبخرینەوە.

راشیگەیاندووه‌، "پشتگیریی تەواوی پرۆسەی چاکسازیی‌و رێکخستنەوەی هیزەکانی پێشمەرگە دەکەم، هەر دامەزراوەیەکی سەربازیی  پێویستی بەچاکسازیی‌و یەکخستنەوە هەبێت نابێت بەبیانوی جۆراوجۆر رێگریی بۆ دروستبکرێت بەتایبەت یەکەکانی ٧٠ و  ٨٠.  هاوکات بنەمای یەکسانی رەچاوبکرێت بەتایبەت لە دابەشکردنی هاوکارییە سەربازییەکاندا."

لاهور شێخ جەنگی داواشی کردووه‌ كه‌ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی  لە مەشق و راهێنان و هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوام بێت تا هەرێمی کوردستانیش لە چوارچێوەی دەستوری عێراق خاوەن هێزێکی سەربازیی پرچەک و مەشق پێکراوی سەردەمیانە بێت.

لەلای خۆیەوە ستیڤ پاکەرین ئامادەیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دووپاتکردۆته‌وە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیەکان و هاوکاری و پاڵپشتیی زیاتری هەرێمی کوردستان بە تایبەت لە بواری مەشق و راهێنانی هێزی پێشمەرگە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×